ڕووسیا: مۆسکۆ و واشنتن خەریکی ئاڵووگۆڕی نیشانەن سەبارەت بە ئۆکرانیا

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-09 17:10:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە کە مۆسکۆ و واشنتن ئاڵوگۆڕی نیشانە سەبارەت بە ئۆکرانیا دەکەن لە ڕێگەی کەناڵە داخراوەکانەوە لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی. سێرگێی ڕیابکۆڤی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هاوکات ڕایشیگەیاندووە لە ئێستادا هیچ بنەمایەک نابینێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە سەقامگیری ستراتیژیی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک. وتیشی ڕووسیا ئامادەیە بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ئۆکرانیا، وتیشی هیچ چارەسەرێکی سادە ڕێی تێناچێت. ئینتەرفاکس لە زاری ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە " سەرنج دەدەینە هەر پێشنیارێک کە لەلایەن وڵاتانی ئەم ناوچەیەوە دەخرێنەڕوو." ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پیرۆزبایی لە ترامپ کرد لەسەر سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا، هەروەها ستایشی کرد لەسەر پیشاندانی ئازایەتی کاتێک لە مانگی حەوتدا چەکدارێک ویستی بیکوژێت، وتیشی مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ترامپدا. ئاماژەی بەوەدا قسەکانی ترامپ لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە شایەنی ئەوەن سەرنجییان پێبدرێت. ترامپ بە ئێن بی سی وت لە دوای سەرکەوتنییەوە لە هەڵبژاردنەکاندا قسەی لەگەڵ پوتندا نەکردووە، بەڵام وتی " پێم وایە قسە دەکەین." ڕیابکۆڤ وتی مەترسی زیان گەیاندن بە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا هێشتا دەمێنێت ئەگەر سەرمایەکانی ڕووسیا دەستییان بەسەردا بگیرێت یاخود واشنتن گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا زیاتر بکات. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز