میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە 10ی ئەم مانگە بڵاویان کردەوە کە ڕافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو سەردانی ئێران دەکات و ڕۆژی دواتریشی دەست بە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەکات. ڕافایل گرۆسی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو وتی ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ئێران بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییە مشتومڕلەسەرەکەی ئێران و وتیشی پێشبینی دەکات هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا بکات. یەکێک لە کیشە درێژخایەنەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزەکانی جیهاندا ئەوەیە کە ئێران ڕێگە نادات شارەزایانی تیمی پشکنینی دەزگاکە بچنە ئێرانەوە و پشکنین بۆ کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کە ئێران چەندین ساڵە ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر شوێنەواری ئەو یۆرانیۆمیە پیتێندراوەی کە لە یەکێک لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا دۆزراوەتەوە، ئەو کارخانەیە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە ڕانەگەیەندرابوو. لە ساڵی 2019 ەوە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاتر کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. مەبەست لە ڕێککەوتنەکە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەری. تاران ئێستا یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەدا 60 ی بێگەردی دەپیتێنێت، ئەوەش نزیکە لە سەدا 90 ەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت ئێستا ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێندراو هەیە کە بتوانێت چوار بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، ئەگەر ئەو یۆرانیۆمە زیاتر بپیتێنێت. ئێران لە مێژە ڕەتی دەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بۆ دروستکردنی بۆمب بن، دەڵێت ئەو یۆرانیۆمەی کە دەیپیتێنێت بۆ بەکارهێنانی وزەی مەدەنییانەیە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز