بەکارهێنانی ئەو موشەکە باڵیستیکییانەی کە ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بە شێوەیەکی کاریگەرانە هەڵیدا بۆ سەر ئێران . وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەریان لە جیهاندا دروست بکات. زۆرێک لە زلهێزەکانی جیهان تاکو ئیستا خۆیان بە دوورگرتووە لە هەڵدانی موشەکەکانی لەو شیوەیە و و زیاتر موشەکی کروز و بۆمبی خلیسکێنییان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە. لە 26 ی مانگی 10 دا هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕایگەیاند لە هێرشە ئاسمانییەکانییاندا کارگەکانی دروستکردنی موشەکییان لە ئێران لە ناوبردووە و هەروەها بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێرانییان کردووەتە ئامانج. توێژەرەوان دەڵێن بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان ئامانجەکان بریتیبوون لەو بینایانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەکارهێندراون بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. جەستن بڕۆنکی شارەزای هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە ناوەندی خزمەتگوزارییەکانی ڕۆیاڵ یونایتد لە لەندەن دەڵێت تاران بە چەندین سیستمی دژە فڕۆکەی " هەمەچەشن " بەرگری لەو جۆرە ئامانجانە کردووە. موشەکە کروزەکان ئامانجێکی ئاسانترن بۆ سیستمی بەرگرییە ئاسمانییە چڕ و بە کۆمەڵەکان وەک لە موشەکە باڵیستیکییەکان. موشەکە باڵیستیکییەکان زۆرجار لەسەر سەکۆکانەوە هەڵدەدرێن، زۆربەشییان ناتوانن لە کاتی گەشتەکانییاندا ئاڕاستەکانییان بگۆڕن. شارەزایان دەڵێن ئەو موشەکە باڵیستیکییە ورد و خێرایانەی کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن، وەکو ڕامپەیج، کە کۆمپانیای ئێلبیت سیستمز و پیشەسازییەکانی بۆشایی ئاسمانی ئیسڕائیل دروستییان کردوون، ئەو کێشانەیان نیە کە ڕووبەڕووی ئەو موشەکە باڵیستیکییانە دەبنەوە کە لە زەوییەوە هەڵدەدرێن، هەروەها ئەو کێشانەشیان نیە کە ڕووبەڕووی ئەو موشەکە کروزانە دەبنەوە کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن، ئەو موشەکانە باڵی بچووکییان هەیە بۆ ئەوەی مەودایەکی زیاتر بفڕن و بەرزیی فڕینەکەیان بپارێزن. جێفری لویسی بەڕێوبەری پڕۆگرامی قازانج نەویستی ئیست ئاسیا لە کالیفۆرنیا دەڵێن " ئەو موشەکە باڵیستیکییانەی کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن خێراترن لە دزەکردن بە ناو بەرگرییەکاندا، لەبەرئەوەیە باشترن لەو موشەکە کروزانەی کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن. خراپییەکەشی وردییەکەیەتی لە پێکانی ئامانجەکەیدا، ئەوەش وادیارە کە بەشێوەیەکی بەرچاو چارەسەرکرابێت." ئەو موشەکە باڵیستیکییانەی کە لە زەوییەوە هەڵدەدرێن، هەمان ئەو جۆرەی کە ئێران دووجار بەکاریهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل، هەروەها هەمان ئەو جۆرەی کە ئۆکرانیا و ڕووسیا لە جەنگەکەیاندا بەکارییان هێناوە، موشەکێکی باون لە جبەخانەکانی زۆرێک لە وڵاتاندا، بە هەمان شێوەی موشەکە کروزەکان. لەبەرئەوەی کە ئەو موشەکە باڵیستیکییانەی کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن لەلایەن فڕۆکەیەکەوە هەڵدەگیرێن، شوێنی هەڵدانییان دەکرێت هەر شوێنێک بێت کە فڕۆکەکە بیەوێت، ئەوەش یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە پلان بۆ هێرشە ئاسمانییەکان دادەنێن. ئوزی ڕوبنی توێژەرەوەی باڵا لە ناوەندی ئۆرشەلیم بۆ ستراتیژی و ئاسایش، کە یەکێکە لە ئەندازیارانی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل، دەڵێت " باشییەکەی ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێت، دەتوانن لە هەر ئاڕاستەیەکەوە هەڵبدرێن، ئەوەش ئەرکی بەرگریکردن دژییان ئاڵۆز دەکات." بەڵام ئەو موشەکانە دەکرێت لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانەوە بخرێنە خوارەوە. لە ئۆکرانیا، سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت PAC-3 کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن دروستییان دەکات، چەندین جار بەرپەرچی موشەکە کینژاڵەکانی ڕووسیای داوەتەوە. زۆرێک لە وڵاتان، بە ئەمەریکا و بەڕیتانیاشەوە، ئەو موشەکە باڵیستیکییانەیان لە جەنگی سارددا تاقیکردووەتەوە کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی کە زاندراوە تەنها چین و ڕووسیا و ئیسڕائیل ئەو چەکەیان بەکارهێناوە. ئەمەریکا موشەکی دەنگبڕی باڵیستیکی ئاسمان بۆ زەوی تاقیکردووەتەوە کە بە AGM-183 ناسراوە و لۆکهید مارتن دروستیان دەکات، بەڵام لە ساڵی دارایی 2025 دا هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە. چونکە ئەمەریکا جبەخانەیەکی زەبەلاحی هەیە لە موشەکە کروزەکان و جۆرەکانی دیکەی چەکە مەودا دوورەکان، واشنتن زۆر گرنگی بە موشەکی باڵیستیکی ئاسمان بۆ زەوی نەداوە. بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، وتی موشەکە باڵیستیکییەکانی ئاسمان بۆ زەوی لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیدا بەکارنایەن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز