كاكەمین بۆ KDP: ڕای جیاواز هەیە.. کۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ئەنجام دەدرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر داواكاریی یەكێتی دواخراوە. دەشڵێت: "بە گشتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی باشن و كۆبوونەوەكەش هەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام دیار نییە چ رۆژێك دەبێت".

كاكەمین نەجاڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر كۆمەڵێك پرس كۆببنەوە، لەوانەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب و بابەتی لامەركەزیی ئیداری و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچەكە، بەڵام لەسەر داواكاریی یەكێتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دواخرا".

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولاشەوە، ئاماژەی بەوە دا: "بە گشتی پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدان و ڕای جیاوازیش هەیە، ئێمە پەیوەندییەكانمان باشە و پێكەوە لە حكوومەتین و پێكەوەش كار دەكەین، بۆیە ئاساییە‌ ئەگەر ڕای جیاوازیش لەسەر زۆر پرس هەبێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "ئەو كێشانە، یان ئەو ڕا جیاوازانەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەن، قابیلی گفتوگۆ و چارەسەرن و هەردوولا بە دیالۆگ چارەیان دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا نین شتەكان گەورە ‌بكرێن، چونكە دۆخی كوردستان و ناوچەكە، ئەوەمان لێ دەخوازێت".

 

هێدی كاكەیی