حزبوڵا دەڵێت سوپای ئیسڕائیل 'ناتوانێت' هیچ گوندێکی لوبنان داگیر بکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-11 16:40:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە حزبوڵا وتی سوپای ئیسڕائیل دوای شەش هەفتە لە دەستپێکردنی شەڕەکەی نێوانییان نەیتوانیوە تەنانەت یەک گوندیش لە لوبنان داگیر بکات. لە 30 ی مانگی نۆدا هێزەکانی ئیسڕائیل دەستییان کرد بە هێرشە زەمینییەکەیان دژی حزبوڵا لە ناوچەکانی باشووری لوبناندا، ئەوەش هەفتەیەک دوای زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە لوبنان. وتەبێژی حزبوڵا محەمەد عەفیف لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە باشووری بەیروت وتی " دوای 45 ڕۆژ لە شەڕێکی خوێناوی، دوژمن هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت یەک گوندیش لە لوبنان داگیر بکات." حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە لە ڕووی دارایی و سەربازیشەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لە 23 ی مانگی 10 دا لێدوانێکی هاوشێوەیدا و وتی سوپای ئیسڕائیل " نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆی بسەپێنێت یاخود بە تەواوەتی هیچ گوندێک لە باشووری لوبنان داگیر بکات." ئیسڕائیل وتوویەتی کە ئامانج لەم هێرشانەی بۆ سەر حزبوڵا ئەوەیە کە باکووری وڵاتەکەی خۆی بپارێزێت و دەیان هەزار ئاوارەی ئیسڕائیلی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە باکوور. لە 3 ی مانگی یانزەدا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لەسەر سنووری لوبنان بە هێزەکانی ئیسڕائیلی وت ئۆپەراسیۆنەکە ئامانج لێی دوورخستنەوەی حزبوڵایە بۆ ئەوبەری ڕووباری لیتانی. وتیشی ئامانجی دووەم ڕاگرتنی هەر هەوڵێکە بۆ خۆپڕچەککردنەوە و ئامانجی سێیەم " وەڵامدانەوەیەکی توندە بۆ هەر کارێک کە دژی ئێمە ئەنجام بدرێت." عەفیفی وتەبێژی حزبوڵا ڕۆژی دووشەممە وتی چەکدارانی گروپەکەی لە خیام بەرپەرچی هێزەکانی ئیسڕائیلییان داوەتەوە، کە نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنانەوە دوورە. وتیشی ئیسڕائیلییەکان شکستیشییان هێناوە لە هەوڵەکانییاندا بۆ " دزەکردنە ناو چەندین بەرەوە لە بنت جبێل " کە 17 کم لە باشووری ڕۆژئاوای خیامەوە دوورە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵی فرانس پرێسەوە پشتڕاست کراونەتەوە، تەقینەوەی گەورە لە گوندی مەیس ئەلجەبەلی نێوان بنت جبێل و خیام هەبوون. وێنەی دیکەی هاوشێوە لە چەندین گوندی سەر سنوورەکە گیراون لەو کاتەوەی کە ئیسڕائیل هێزەکانی ناردە لوبنانەوە. حزبوڵا ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی " ناوچەیەک کە موڵکی کەس " نەبێت. عەفیف ڕەتی کردەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە لوبنان بووبێتنە هۆی لە ناوبردنی موشەکەکانی گروپەکە. عەفیف کاتێک لەو بارەیەوە پرسیاری لێکرا باسی لەوە کرد کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە موشەکێک ناوچەکانی تەل ئەڤیڤییان کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ یەکەمین جار حزبوڵا موشەکی فاتحی بەکارهێناوە. لە 6 ی مانگی یانزەدا حزبوڵا ڕایگەیاند کە دەستیکردووە بە بەکارهێنانی موشەکی فاتح – 10 دروستکراوی ئێرانی. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل دژی حزبوڵا لە لوبنان بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین سەرکردەی گروپەکە، بە حەسەن نەسڕەڵاشەوە، بەڵام عەفیف وتی حزبوڵا " ئامادەیە بۆ جەنگێکی درێژخایەن." سەرچاوە/ فرانس پرێس