وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی تۆمەتەکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی کە گوایە تاران پەیوەندی هەبووە بە پلانگێڕییەکەوە بۆ کوشتنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، ڕۆژی شەممە ئارەقچی داوای دروستکردنی متمانەی کرد لە نێوان دوو وڵاتەکەدا. ئارەقچی لە ئێکس نوسیویەتی " ئێستا سیناریۆیەکی نوێ دروست کراوە، لە کاتێکدا بکوژەکە لە ڕاستیدا بوونی نییە، نوسەرەکان هێندراون بۆ دروستکردنی کۆمیدیایەکی ئاست نزم." ئارەقچی مەبەستی لە " پلانگێڕییەک " بوو کە واسنتن وتوویەتی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە فەرمانی پێکراوە بۆ کوشتنی ترامپ. دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و لە مانگی یەکدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی. ئارەقچی وتی "گەلی ئەمەریکا بڕیاری خۆیاندا. ئێرانیش ڕێز لە مافی ئەوان دەگرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە بژاردەی خۆیان. ڕێگەکە بۆ پێشەوەش بە هەمان شێوە بژاردەیەکە. بە ڕێزگرتن دەستپێدەکات." وتیشی " ئێران هەوڵی دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی نادات. ئەمە سیاسەتێکە کە لە وانەکانی ئیسلام و حساباتی ئاسایشی خۆمانەوە سەرچاوەی گرتووە. دروستکردنی متمانە پێویستە بۆ هەردوولا. ئەمە شەقامێکی یەک ڕێگا نییە." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل باقایی پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەو تۆمەتە پلانگێڕییەکی "ڕق و کینە" بووە لەلایەن ئیسڕائیل و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵاتەکە بۆ "ئاڵۆزکردنی بابەتەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا." شرۆڤەکاران و کەسانی ناوخۆی ئێران ئەگەری کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و ئەمەریکای ژێر دەسەڵاتی ترامپییان بە دوور نەزانیوە. شرۆڤەکاری ئێرانی سەعید لەیلاز لە تاران لەم هەفتەیەدا وتی " ئێران بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕەفتار دەکات. ئەگەری هەیە کە گفتوگۆی نهێنی لە نێوان تاران و واشنتندا ئەنجام بدرێن. ئەگەر هەڕەشەی ئاسایش لەسەر کۆماری ئیسلامی لاببرێت ئەوا هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت." لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختییان بوونەتەوە، سەرکردایەتییە مەلاییەکەی ئێران نیگەرانیشە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لەگەڵ هاوپەیمانەکانی تاراندا لە لوبنان و غەززە لە شەڕدایە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز