دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ڕایگەیاند، هەولێر لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی عێراق دێت لە زۆری حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پلانی درێژخایەنیان هەیە بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر و گونجاندنی لەگەڵ پێوەرە ستانداردەکانی جیهان، بەڵام پلانەکە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە و ئومێدیان هەیە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریان بکات بۆ جێبەجێکردنی. عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەک دەستەی ژینگە لەبەر گرنگی بابەتەکە فەرمانگەی کەش و هەوامان کردۆتەوە کە لیژنەی گۆڕانی کەش و هەوا و نوێنەری وەزارەتەکانی تێدایە، پلانی خۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوامان تەواوکرد، ئێستا خەریکی پلانی کەمکردنەوەی دەرهاویشتەکانین." وتیشی،" پلانمان هەیە، بەڵام بزانین چۆن دەتوانین تا ساڵی 2030 ئەو پلانە جێبەجێ بکەین، چونکە تەمویلی پێویستە و حسابی ئەوە بکەین نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا تەمویلی پرۆژەکان بکەن و کە لە داهاتوودا جێبەجێ ببن، بەڵام ئیمکانیەتی حکومەتی هەرێم کەمە. ئەگەر پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ ببێت هەوای هەولێر تەواو پاک دەبێتەوە کە کە بگونجێت لەگەڵ ستانداردە جیهانیەکان." ڕۆژی 9ی مانگی 11 بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی 18 پارێزگای عێراق هەولێر پلەی یەکەمە لە بەرزی ئاماری تووشوانی شێرپەنجە و دەڵێت، "لەسەر ئاستی پیاوان، هەولێر یەکەمە و لە هەر 100 هەزار پیاو 128.4یان تووشی شێرپەنجە بوون. لە ژنانیش هەولێر هەر لە پلەی یەکەم دێت و لە هەر 100 هەزار ژن 159.4یان تووشی شێرپەنجە بوون". هەرچەندە بە پێی سەلماندنە زانستیەکان هۆکارەکانی شێرپەنجە زۆرن، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان پیسس بوونی ژینگەیە و کە دەکرێت بەرزی ئامارەکەی هەولێریش یەکێک لە هۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە بێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕێکخراوە ژینگەییەکان پێشتریش چەند جارێک هۆشداریان لەو بارەیەوە داوە. ڕۆژی 4ی مانگی 8ی 2024 پارێزگاری هەولێر بەهۆکاری پیس بوونی ژینگەی هەولێر بڕیاری داخستنی "138 پاڵەوگەی نایاسایی" ڕاگەیاند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمیشی "بەوە تۆمەتبار کرد گرێبەستیان هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نایاساییانە و کەرەستەی نەوتی ڕەشییان بۆ دابین دەکەن." عەبدولڕەزاق خەیلانی دەڵێت،" داخستنی هەندێک پاڵاوتگە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەشێکیان هێشتا کاردەکەن، کە دەبێت وەک لایەنی بەرپرس وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کۆنترۆلی ئەو پاڵاوتگانە بکات و ڕێنمایی پێویست جێبەجێ بکەن." وتیشی،" ئەگەر پەیوەست بن بە ڕێنمییەکان هەوا بەو ئەندازەیە پیس نابێت." بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، 3 هەزار و 919 کارگەی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 320 کارگەیان لە کاردان. زۆرینەی ئەو کارگانەی لە کاردان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر و بریتین لە هەزار و 200 کارگە، ئەمە جگە لەو کارگە و پاڵاوگانەی کە بە نایاسایی لە سنورەکە کاردەکەن و پیسکەری ژینگەن. دوای وتەکانی بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، وێرای ئەوەی هۆکای بەرزی ڕێژەکەی گەراندەوە بۆ لێهاتووی تەندروستی شارەکە لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیەکە، وتیشی کە زۆرینەی ژمارەی تۆمارکراوان خەڵکی شاری هەولێر نین. لە راگەیەندراوەکەدا کە کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە هاتووە،" ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق لەسەر بنەمای سیستەمی تۆماركردن و دەستنیشانكردنە كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ڕاستی و ووردی و دروستی لە هەولێر لە باشترین ئاستدایە بۆ تۆماركردن و دۆزینەوەی حاڵەتەكان نەوەك دووربوونی نەخۆش لە چاو ی دامودەزگای تەندروستی." هەروەها دەشڵێت،" بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوەی عێراق لە 49%ی نەخۆشانی شێرپەنجە خەڵكی ئاوارە و پەناهەندە و دەرەوەی هەرێمە لەگەڵ خەڵكی ناوەڕاست و خواروی عێراق كە ڕوو لەشاری هەولێر دەكەن و بەمەش ژمارەی درووستی نەخۆشان لەشاری هەولێر زۆر كەمترە لە ڕێژەی ڕاگەیەندراو."