ڕۆژی سێشەممە سەرکردەکانی جیهان لە کۆنفرانسی ساڵانەی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکۆی ئازەربایجان کۆدەبنەوە، بەڵام ناوە گەورەکان و وڵاتە بەهێزەکان ئامادە نابن، بە پێچەوانەی گفتوگۆکانی پێشووی کەش و هەواوە کە گەرم و گوڕییەکی گەورەیان پێوە دیاربوو. سەرکردە باڵاکانی 13 وڵاتی گەورەترین دەردەری دوانەئۆکسیدی کاربۆن ئامادە نابن. وڵاتەکانییان بەرپرسن لە زیاتر لە سەدا 70 ی ئەو گازانەی کە گەرمی دەگرنە خۆیان. گەورەترین پیسکەرانی ژینگە و بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان، ئەمەریکا و چین، سەرکردە باڵاکانییان نانێرن. سەرۆکەکانی هیندستان و ئیندۆنیسیاش ئامادە نەبوون، ئەوەش واتە ئەو چوار وڵاتەی کە زۆرترین دانیشتوویان هەیە لە جیهاندا و زیاتر لە سەدا 42 ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، سەرکردەکانییان نەناردووە بۆ کۆنفرانسەکە. بیڵ هەیری زانای کەش و هەوا و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کڵایمەت ئەنەلیتیکس دەڵێت " ئەوە نیشانەی نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ کارکردن. هیچ هەستێکی بەپەلەیی نیە." گۆڕان بۆ وزەی پاک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بەو سەرکردانەی جیهانی وت کە ئامادەبوون " جیهان گەرمترین ڕۆژ و مانگ و ساڵی بینی کە تۆمار کرابێت، هەروەها پۆلێکی ماستەر لە لە ناوبردنی کەش و هەوادا." بەڵام گۆتیرێش ئومێدێکیشی بەخشی و وتی " شۆڕشی وزەی پاک لێرەیە. هیچ گروپێک، هیچ کارێک، هیچ حکومەتێک ناتوانێت بیوەستێنێت." لە ساڵی 2016 دا کاتێک دانۆڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان 180 گێگاوات لە وزەی پاک و 700,000 ئوتومبێلی کارەبایی لە جیهاندا هەبوون. ئێستا 600 گێگاوات لە وزەی پاک و 14 ملیۆن ئوتومبێلی کارەبایی هەن. سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ کە میوانداری کۆنفرانسەکە دەکات کۆنفرانسە دوو ڕۆژەییەکەی بە ڕەخنەگرتن لە ئەرمینیا و دەزگا هەواڵییە ڕۆژئاواییەکان و چالاکەوانانی کەش و هەوا و ڕەخنەگران دەستپێکرد کە تیشکییان خستووەتە سەر مێژوو و بازرگانییەکەی وڵاتە دەوڵەمەندەکەی بە نەوت و گاز، بە دووڕوو ناویبردن و چونکە ئەمەریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە. وتی " ئەوە دادپەروەرانە نیە ئازەربایجان بە وڵاتێکی نەوتی " ناوببەیت چونکە ئەو کەمتر لە سەدا 1 ی نەوت و گازی جیهان بەرهەم دەهێنێت. ئالیێڤ وتی نەوت و گاز " دیاری خودان " هاوشێوەی خۆر و با و کانزاکان. " وڵاتان نابێت لۆمە بکرێن لەسەر ئەوەی نەوت و گازییان هەیە. نابێت لۆمە بکرێن لەسەر ئەوەی ئەو سەرچاوانە دەهێننە ناو بازاڕەوە چونکە بازاڕ پێویستی پێیانە." ئالیێڤ وەکو میواندار و سەرۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمساڵی گفتوگۆکانی کەش و هەوا، وتی وڵاتەکە هەوڵی تەواو دەدات بۆ دوورکەوتنەوە لە وزەی بەردین، " بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت واقیعی بین." ئالیێڤ و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو سەرکردە دیارانەن لە نێو 50 سەرکردەدا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسەکەدا وتار بدەن. هەروەها ئامادەبوونێکی بەهێزیش دەبێت لە نێو هەندێک لەو وڵاتانەدا کە لە جیهاندا لاوازترینن بەرامبەر کەش و هەوا. چەندین وڵاتی بچووکیش و دەیان سەرکردەی وڵاتانی ئەفریکاش بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا قسە بکەن. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەنەبوونی سەرکردەکانی وڵاتە زلهێزەکانی بە کەمزانی و وتی هەموو وڵاتێک نوێنەری هاتووە و چالاکن لە گفتوگۆکانی کەش و هەوادا. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە هەفتەی داهاتوودا سەرکردەکانی بەهێزترین وڵاتانی جیهان دەبێت لە بەڕازیل بن کە نیوەی جیهانێک لە ئازەربایجانەوە دوورە بە مەبەستی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی بیستدا. هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییانەی ئەمەریکا و ڕووخانی حکومەتی ئەڵمانیا و کارەساتە سروشتییەکان و نەخۆش کەوتن وایکردووە هەندێک لە سەرکردەکان ئامادەی کۆنفرانسەکەی کەش و هەوا نەبن. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا