دوو سەرچاوەی نزیک لە بڕیارەکەوە ڕۆژی سێشەممە وتییان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانڕەوای ویلایەتی ساوث داکۆتا کریستی نۆمی هەڵبژاردووە بۆ وەزیری دواتری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا. نۆم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کاندید بوو بۆ ئەوەی ببێتە جێگری ترامپ، لە ئێستادا لە دووهەمین خولی چوار ساڵەییەکەیدایە وەکو فەرمانڕەوای ویلایەتی ساوث داکۆتا، ئەوەش دوای سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022 دا. نۆم دوای ئەوە ناوبانگی دەرکرد کە لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕەتی کردەوە فەرمان بکات بە بەکارهێنانی دەمامک. نۆم ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە دوای ئەوەی لە مانگی چواردا وتی تەقەی لە سەگێک کردووە " کە ڕاهێنانی پێنەکراوە " و کوشتوویەتی چونکە " ڕقی " لە سەگەکە بووە لە کێڵگەکەی خێزانەکەیدا. هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی ترامپ دەڵێن باوەڕییان وایە کە دوای ئەو ڕووداوە نۆم کەوتە بەرچاوی ترامپ، لەو کاتەدا کە هێشتا کاندید بوو بۆ ئەوەی ببێتە جێگری ترامپ. وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا بەرپرسە لە هەمووشتێک، لە پاراستنی سنوورەکان و کۆچەوە بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتە سروشتییەکان و دەزگای پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکاش. ڕۆژی دووشەممە ترامپ تۆم هۆمانی وەکو بەرپرسی کاروباری سنوورەکانی ئەمەریکا دەستنیشان کرد. هۆمان وتی ئەرکی پێشینەی وەکو بەرپرسی سنوورەکان ڕەوانەکردنەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە دەبێت کە مەترسین بۆ سەر پارێزراویی گشتی و ئاسایشی نیشتیمانی. سەرچاوەکان ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆیتەرزییان وت کە ترامپ پێشبینی دەکرێت سیناتۆر مارک ڕوبیۆ بکاتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەیدا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز