وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند چەند کەسێک تۆمەتبارن بەوەی تێوەگلاون لە پیلانگێڕییەکی ڕژێمی ئێران بۆ کوشتنی کەسانی ئەمەریکایی لەناو ئەمەریکا، لەوانە سەرۆکی هەڵبژێردراو دانوڵد ترامپ. شارەزایان پێیان وایە ئەم سیاسەتانەی ڕژێمی ئێران تەنیا سزاکانی سەر وڵاتەکەی زیاتردەکات. دەپرسین: ئەم پیلانە و پشتیوانیکردن لە گروپەکانی لە لیستی تێرۆردان و نانەوەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بەرەو کوێ دەبات؟ بۆچی کۆمەڵی نێودەوڵەتی یان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک هەڵوێست نین بەرامبەر ئەو ڕەفتارانەی ئێران؟ ئایە سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر ئێراندا بەسە بۆ ئەوەی ناچاربکرێت دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە ببێت؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا لەگەڵ: دکتۆر محەمەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆی لەندەن. دکتۆر ناسر باباخانی، لێکۆڵەری سیاسی و مامۆستای زانکۆ بنکە لە ڤێرجینیا. دکتۆر محەمەد ئیحسان: کوشتن و هەوڵی تیرۆرکردن و کاری تیرۆری بەشێکە لە کلتور و سیاسەتی دەرەوەی ئێران. لەم چەند ساڵەدا چەندین شتی وایکردووە، هەر لە کوشتنی قاسملۆ لە ڤیەننا، تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت و دەیان کاری تر، بەڵام من خۆم گومانم هەیە لە بابەتی هەوڵی ئێران بۆ ترامپ، چونکە بڕواناکەم هەتا ئەو ڕادەیە ئێران بێ عەقڵ بێت و لەم دۆخەدا بڕیاری کارێکی وەها بدات، چونکە دەزانێت ئەگەر لەسەری ساغبێتەوە ئەوا ئێران وێران دەکەن. کە دەڵێم گومانم لەوە هەیە هەوڵی تیرۆرکردنی ترامپ لەلایەن ئێرانەوە ڕاست بێت، بۆ ئەوە نییە بڵێم ئێران نایەوێت نەخێر دەیەوێت بەڵام ناتوانێت چونکە بیتوانیایە ئەو کارەی دەکرد و دەبووە دەسکەوتی گەورە بۆی، بەڵام جارێ تەنها تۆمەتە و لێکۆڵینەوە دەکرێت با لێکۆڵینەوەکان تەواو ببن و ساغ ببێتەوە ئەو تۆمەتە، بەڵام دوور نییە سیناریۆکەی قاسم سلێمانی لە لوبنان یان بەغداد یان تەنانەت تارانیش جارێکی تر دووبارەببێتەوە. هەتا گۆرانکارییەکە لە عێراقەوە نەکرێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕوونادات، چونکە شادەمارەکە لە عێراقە دەبێت پڕۆئێرانییەکان لەدەسەڵات دوربخرێنەوە، ڕاستە سەر و عەقڵی مارەکە لە تارانە، بەڵام پارەی ئەو مارە لە عێراقە، مەعقولە ڕۆژانە موشەک لە عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل بکرێت! ئاخر عێراق چ بەرژەوەندییەکی لەوەدا هەیە؟. ئەنجومەنی ئاسایش ناتوانێت یەک دەنگ و هەڵوێست بێت لە بەرامبەر ئێران بەهۆی ئەوەی ڕووسیا و چین ئەندامی هەمیشەیین و بڕیارەکە ڤیتۆ دەکەن، بە ڕاستی هەم نەتەوەیەکگرتووەکان، وە هەم ئەنجومەنی ئاسایش لە خراپترین قۆناغی مێژوویەتی، تەنها بووەتە یانەیەک(کڵاپێک)کە ساڵانە چەند دەزگایەک تێیدا دادەنیشن خەرجی و تێچوویان زۆر گرانتر و گەورەترە لەو ئەرکەی ئەنجامی دەدەن. دکتۆر ناسر باباخانی: بە ڕاستی کوشتن و تۆقاندن و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان یان هەر کارێکی نایاسایی و نائاسایی لە وڵاتێکی ئاسایدا لە ئێران دەوەشێتەوە، ئەمەش لەو کاتەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتووەتە سەر حوکم. ئێران و لێکۆڵەرەکانی وەهایان دەزانی ئەم جارەش کۆمارییەکان سەرکەوتوو نابن و نابنەوە سەرۆکی ئەمەریکا، بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەم کاتەدا زۆر زۆر گرنگە، هەوڵدان بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کارێکە کە هیچ عەقڵێکی ساغ قبوڵی ناکات، چونکە دەبێت بزانێت ئاکامەکانی چەندە خراپ دەبن. هەوڵی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترامپ بۆ تۆڵەکردنەوەیە لە کوشتنی قاسم سلێمانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد، دەرچونەوەی ترامپیش بۆ ئێران چاوەڕوان نەکراوبوو، چونکە شرۆڤەکارانی ئێران پێییان وابوو ترامپ نابێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا، بۆیە کوشتنی سەرۆکێکی پێشتر کەمتر شوێنەواری خراپی دەبێت لەسەر ئێران وەک لەوەی سەرۆکێک لە پۆستەکەیدا بێت و تیرۆری بکات، بەبڕوای من ئەمەریکا هەروا بە ئاسانی لە هەوڵی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترامپ خۆش نابێت و پێموایە لەسەروگێلاکی ئێران بدرێت، چونکە ئێران ئەوەی بۆ ناچێتەسەر و ناتوانێت لەسەر خۆی لایبدات، ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕەتیکردەوە، بەڵام مێژووی چل و پێنج ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تیرۆر و تۆقاندن، هەروەها لێدوانی خودی بەرپرسانی ئێران، لە نێویاندا (ئەمیری حاجی زادە) کەکەسێکی زۆر نزیکی خامنەیییە، هەروەها بەرپرسی موشەک و درۆن و ئەو شتانەیە، ڤیدیۆی هەیە کە ڕاستەوخۆ دەڵێت، پێویستە ئێمە ترامپ بکوژین، ئەمانە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن، جگە لەوەی نە ئێران نە هیچ وڵاتێکی تر نایەت بڵێت، بەڵێ من ئەو تاوانەم کردووە، وە سیستمی زانیاری و تەکنەلۆژیای ئەمەریکاش هەمووان دەزانین لەچ ئاستێکی بەرزی درککردندایە. یەک دەنگ نەبوونی ئەنجومەنی ئاسایش نەک لەسەر ئێران بەڵکو لەسەر بابەتی تریش یەک دەنگ نەبوون، بەهۆی بوونی دوو زلهێزی وەک چین و ڕوسیا، کە چین پەیوەندی ئابوری لەگەڵ ئێران هەیە نەوتی ئێران بە 30 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕەکان دەکڕێت، هەروەها ڕووسیاش دەیەوێت بلۆک بەندی دروست بکات و موشەک و درۆنە ئێرانییەکان لە شەڕی ئۆکرانیا بۆ پشتیوانی ڕووسیا بەشداربوون، بەڵام ئێستا کە ترامپ دەیەوێت شەڕەکە تەواو بکات، ئەگەری ئەوە هەیە ڕووسیا و چین پشت لە ئێران بکەن، چونکە ئەو مامەڵە ئابورییەی چین لەگەڵ ئەمەریکا هەیەتی بەراورد ناکرێت بەوەی چین لەگەڵ ئێران هەیەتی، هەروەها ڕووسیاش پشتگیری لە ئیمارات و وڵاتانی کەنداو دەکرد لەسەر کێشەی سێ دورگەکەی نێوان ئیمارات و ئێران، بۆیە من پێموایە ئەمە هەڵوێستی سیاسی نییە، بەڵکو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆیانە هەتا بزانن چی لەبەرژەوەندییانە.