دادوەرێک بڕیارێکی دوادەخات لەسەر ئەوەی ئایا بڕیاری تاوانبارکردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەڵبوەشێنێتەوە یان نا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا فەرمانی کردووە لەسەر ئەوەی کە سەرۆکەکان دەبێت بپارێزرێن لە سزادان. ترامپ پێشتر لەم ساڵدا لەسەر دۆسییەی پارەدان بۆ بێدەنگکردنێکی ئەکتەرێکی پۆڕن تاوانبار کرا. دادوەری نیویۆرک خوان ئێم مێرچان بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی دەربکات. بەڵام لەبری ئەوە ڕۆژی سێشەممە بە پارێزەرەکانی ترامپی وت کە بڕیارەکەی تاوەکو 19 ی مانگی یانزەدا دوادەخات. بەپێی ئەو ئیمەیڵانەی کە لە دادگا خراونەتەڕوو، پارێزەرەکەی ترامپ، ئێمێل بۆڤ لە کۆتایی هەفتەدا داوای دواخستنی بڕیارەکەی کردووە، وتوویەتی ڕاگرتنی دۆسییەکە و دواتر کۆتایی هێنان بە دۆسییەکە " پێویستە بۆ خۆبەدوورگرتن لە دروستکردنی بەربەستی نادەستووریی لەبەردەم توانای سەرۆک ترامپدا بۆ فەرمانڕەواییکردن." داواکاران ڕازیبوون بە دواخستنی بڕیارەکە. هەفتەیەک لەمەوبەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا. بەڵام ئەو پرسە یاساییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە لەسەر کارەکانییەتی وەکو سەرۆکی پێشوو، نەک بەربەست لەبەردەم سەرۆکایەتیەکەی دواتریدا. لە مانگی پێنجدا دەستەیەکی سوێندخۆران ترامپی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆماری کارەکان کە پەیوەست بوون بەو 130,000 دۆلارەوە کە لە ڕێی مایکڵ کۆهینی پارێزەرەکەی پێشوویەوە لە ساڵی 2016 دا دراوە بە ئەکتەری پۆڕن ستۆرمی دانیێڵز. پارەدانەکە بۆ بێدەنگکردنی دانیێڵز بووە تاوەکو باس لەوە نەکات کە شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەر بردووە. ترامپ دەڵێت ئەو پارەیە نەدراوە بە دانیێڵز و ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت و دەڵێت لێپێچینەوەکە تەکتیکێکی سیاسییە کە مەبەست لێی زیانگەیاندن بووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی. وتیشی ئەو پارەیەی کە دراوە بە کۆهین لەسەر کارە یاساییەکانی بووە. تەنها مانگێک دوای بڕیاری دادگا، دادگای باڵای ئەمەریکا فەرمانی کرد کە نابێت سەرۆکەکانی پێشوو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو کارانەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکەدا گرتوویانەتەبەر. تاوانبارکردنی ترامپ یەکەمین جار بوو سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا تاوانبار بکرێت. دۆسییەکان ترامپییان ڕووبەڕووی ئەگەری سزادانی کردەوە، لە غەرامەکردنەوە بۆ زیندانیکردنی. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا