میدیاکانی سوریا و هەروەها میدیا نەیارەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆ سەر دیمەشق ئەنجامداوە. هێرشەکان هاوکاتی ئامادەبوونی عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بووە کە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە دیمەشق. سانا، ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سوریا بڵاویکردوەتەوە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق، لانیکەم 15 کەس کوژران و 16 کەسی دیکەش برینداربوون. سانا بڵاویکردووتەوە کە بیناکانی نیشتەجێبوون لە دیمەشق لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج. هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانە سەربازییەکان، کە بارەگای "ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی"یە لە سوریا. دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، سایتی هەواڵی جەماران لە ئێران بڵاویکردەوە "چەند خولەکێک لەمەوبەر باڵەخانەیەکی نزیک شوێنی کۆبوونەوەی عەلی لاریجانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی سوریا، سێ مووشەکی بەرکەوتووە". ئەم سایتە هەواڵییە زیادی کردووە کە "عەلی لاریجانی لە تەندروستییەکی تەواودایە". ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە سەبارەت بەم هێرشە ئاسمانییە ڕایگەیاند کە "مەبەستی ئۆپەراسیۆنەکە هێرشێکی ئامانجدار نەبووە دژی کەسێک یان کەسانی دیاریکراو". ئەم تۆڕە ڕادیۆییە هیچی لەبارەی بەرپرسیارێتی سوپای ئیسرائیل لەم هێرشە نەگوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا، یەکێک لەو باڵەخانانەی کە موشەکەکەی بەرکەوتووەتە، لە گەڕەکی ئەلمێزە و ئەوانی تریش لە گەڕەکی قودسیە لە ڕۆژئاوای پایتەخت بووە. ئەلمێزە یەکێکە لە گەڕەکە ئاوەدانەکانی پایتەختی سوریا کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی بەرپرس و بنەماڵەی نزیک لە ڕژێمی بەشار ئەسەدن و چەندین ڕاپۆرتیش لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بریکارە باڵاکانی حزبوڵا و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی و هاتووچۆیەکی زۆریان لەم گەڕەکەدا هەیە. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە دوای هێرشەکان زیانێکی زۆر بەر خانوو و ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بەبێ قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی وڵاتەکە لەم هێرشانە، ڕایگەیاند کە ئامانجی هێرشەکە ئەو سایتانەی سەر بە "رێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستین" لە دیمەشق بووە. ئەم ڕێکخراوە نزیکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران. سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا