لە ڕۆژئاوا پاڵاوتنی نەوت نیگەرانی لەسەر تەندروستی و ژینگە دروست دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-15 22:05:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

یەکێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی شەڕی سوریا ئەوە بوو کە بیرە نەوتییەکانی ناوچە کوردییەکان لە ژێر دەستی ڕژێمی سوریادا دەرهێنران و کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان. لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەبات، بەڵام شارەزایان دەڵێن بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو ئەم جۆرە بەرهەمهێنانە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دانیشتووان و ژینگەی ناوچەکە هەیە. لە سەرانسەری ئەو شوێنانەی کە نەوتی ڕۆژئاوای تێدا دۆزراوەتەوە، پاڵاوگەی کاتیی دانراون بە مەبەستی بەرهەمهێنانی نەوت. بەڵام شارەزایان دەڵێن، ڕەنگە زیانەکانی ئەم کارە زۆر زیاتر بن لە سوودەکانی. دەلیل سلێمان، ڕۆژنامەنووس کە بەدواداچوون بۆ پرسەکانی ژینگە لە ڕۆژئاوا دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەو پێیەی هیچ پاڵاوگەیەکی فەرمی لە ناوچەکەدا نییە، ڕێگەی سەرەتایی بەکاردەهێنرێت ئەمەش زیان بە کرێکارانی کەرتی نەوت و هەروەها ژینگەی دەوروبەری بیرە نەوتییەکان دەگەیەنێت". لە ڕۆژئاوا هیچ پاڵاوگەی فەرمی نییە. پێش شەڕی سوریا، نەوتی ئەو ناوچەیە ڕەوانەی پاڵاوگە فەرمییەکانی شارەکانی حومس و بانیاس دەکرا. بەڵام ئێستا بەهۆی دۆخی ئاسایشی و ناکۆکی سیاسی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ڕژێمی سوریا ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت. لە 11 هەتا 22ی مانگی یازدە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP29) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت. یەکێک لەو بابەتانەی لەوێ باس دەکرێت دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤەکانە بۆ بەدەستهێنانی وزەی خاوێن. ئەمەش ئامانج لێی پاراستنی ژینگەیە. بەڵام لە وڵاتێکی وەک سوریا کە 13 ساڵە شەڕ تیایدا بەردەوامە، دەرفەت نییە بۆ ئەنجامدانی کاری دیکە یان بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی خاوێنتر. دەلیل سلێمان دەشڵێت "ئەم کارە پارەیەکی باش بۆ زۆرێک لە کارکەرەکان دابین دەکات، بۆیە لەسەر حیسابی تەندروستی خۆیان و دەوروبەریان ئەم کارە دەکەن. بەڵام ماوەیەکی لە درێژدەمدا ئەمە کاریگەرییەکی خراپتری لەسەر خەڵکی ناوچەکەمان دەبێت." لە ڕووی پیسبوونی ژینگەوە، ڕۆژنامەنووس سلێمان ڕایگەیاند، بۆ نمونە ئاوی ڕووبارەکانی دەوروبەری ئەو شوێنانەی کە نەوتی تێدا پاڵاوتە دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو پیس دەبێت "کاریگەری ئەم کارەش هەم لەسەر تەندروستی خەڵک و هەم لەسەر ژینگەیە هەیە". هیند عوسمان، کارمەندی خاچی سووری کورد لە سوریا، ڕایگەیاند، یەکێک لە زیانە سەرەکییەکانی پاڵاوتنی نەوت لە ڕۆژئاوا، کاریگەرییە بۆسەر سیستمی هەناسەدانی مرۆڤەکان. عوسمان گوتیشی "بەردەوام ئەو حاڵەتانەی نەخۆش دێنە لای ئێمە کە زیان بەر سیستمی هەناسەدانیان گەیشتووە و توشی حسیاسیە بوون لە لەشیاندا." بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێن، بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاری لە نێوان کارکەرەکانی پاڵاوگەی نەوت ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە کارکەرەکان ئاگادار دەکەنەوە کە دەبێت ئاگری غاز بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی مادەی سولفول دەیاکساید کە شارەزایان دەڵێن دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. بەڵام چاودێران دەڵێن هێشتا خەڵک بە شێوەیەکی دروست ئاگاداری کاریگەرییە خراپەکانی ئەم کارە نین. ڕۆژنامەنووس سولەیمان دەڵێت "پێویستە سنوورێک بۆ ئەم کێشەیە دابنرێت، چونکە نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو مەڕ و ئاژەڵ و زەویش زیانێکی زۆریان بەهۆی ئەم کردارانەوە لێدەکەوێت. هەموو ناوچەکەم لە ژێر هەڕەشەدایە."