دوابەدوای ڕەخنەی هەندێ لایەنی سیاسی لە ئێران سەبارەت بە دیداری نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیڵان ماسک، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دیدارەی ڕەت کردەوە. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەی ئیڵان ماسک لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەروپاگەندەی میدیایی ناودێر کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئێران چاوی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیڵان ماسکدا بووە. ئەو ئاژانسە هەواڵییە بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە پێدەچێت ئەم کارەی ئێران هەنگاوێک بووبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس لەو دیدارەدا چەندین تەوەری جۆراوجۆر باس کراون، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاڵپشتی ئەو وڵاتە لە گرووپەکانی دژ بە ئیسرائیلییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا. ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییەوە کە ئاگاداری بابەتەکەیە نووسیبووی "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی دەستبەجێ لەلایەن هیچ کام لە لایەنەکانەوە نەدراوە". ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئیڵان ماسک یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دیدار و وتووێژی کردووە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە نووسیویەتی کۆبوونەوەی ئێران و ماسک، ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامی داوە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمەریکا وتووێژ بکات، ڕێگەیەک بۆ دانوستان بدۆزێتەوە. هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە نووسین بەڵێنی بە بەڕێوبەرایەتی بایدن داوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ نادات. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە لایەنی ئێرانی لەم کۆبوونەوەیەدا پێشنیاری بە ماسک کردووە کە لێخۆشبوون لە سزاکان لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وەربگرێت و بەشێک لە کاروبارەکانی بباتە تاران. دەنگی ئەمریکا تا ئیستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتی بکاتەوە.