پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کۆچیی دوایی ھەڤاڵی تێکۆشەر عەبدولڕەحمان حاجی عەلی

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی ھەڤاڵی تێکۆشەر(عەبدولڕەحمان حاجی عەلی)

بەڕێزان/ خانەوادەی نیشتیمانپەروەر و ھەڤاڵی تێکۆشەر (عەبدولڕەحمان حاجی عەلی)

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس ( عەبدولڕەحمان حاجی عەلی) مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و ھەڤاڵ و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دەکەین و خۆمان بە ھاوبەش و شەریکی خەمتان دەزانین.

ھەڤاڵی خوالێخۆشبوو ( عەبدولڕەحمان حاجی عەلی) کەسایەتیەکی ناسراو و کادیرێکی دێرینی پارتیمان بوو، ھەر لە زووەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی پارتیمان دەکات لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول وەک پێشمەرگە و کادیرێکی چالاک و جەماوەریی رۆڵی خۆی دەبینێت لە خزمەتی رێبازی بارزانی و کوردایەتی.

خوالێخۆشبوو، پێشمەرگەی دێرین و فەرماندە و کەسایەتیەکی خاوەن ھەڵوێست و وەفادار بوو بەرامبەر رێبازی بارزانی و کاروانی شۆڕش و خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان، لەو پێناوەشدا بەدرێژایی تەمەنی دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە خزمەت و تێکۆشان بەردەوام بوو، بۆیە لەدەستدانی زیانێکی گەورە بوو.
ھەڤاڵی خوالێخۆشبوو جارێکی دیکەش بە ھەمان گیانی کوردایەتی و پارتایەتی بەردەوام دەبێ لە خەباتی چەکدارانە و بەشداری لە شۆڕشی گوڵان دەکات، ناوبراو چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و سەربازی پێ سپێردرابوو کە توانی سەرکەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێ. ھیواخوازین ھاوخەمیی ھەڤاڵانی و دۆستانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
دووبارە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و کۆستی دیکە بە دوور بن و خوای گەورە گیانی ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات..

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
9/5/2020