وڵاتانی بەشدار لە لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجیان لەسەر پارەیە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-16 22:35:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرنجی نوێنەرانی نزیکەی 200 وڵات لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP29) ئەمساڵ لە باکۆ لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی گەرمبوونی جیهانە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیشی  دابینکردنی پارەیە بۆ وڵاتانی هەژارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوایە. ڕەیچێڵ کلیتێس لە یەکێتی زانایان دەڵێت "سەیر نییە کە گەلانی دەوڵەمەندتر هەوڵدەدەن گرنگی ئەم کونفرانسە داراییە گرنگە کەم بکەنەوە. ئەوان هەوڵدەدەن خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە بۆ ئەوەی پارە نەدەن." وڵاتانی بەشدار لەسەر بڕە پارەیەکی زۆر لە 100 ملیار دۆلارەوە لە ساڵێکدا تا 1.3 تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا گفتوگۆ دەکەن. گۆتێرێس وتی "دابینکردنی ئەو پارەیە کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە و نابێت ئەو وڵاتانەی ئابوورییەکەیان خەریکی گەشەسەندنە، بە دەستی بەتاڵ باکۆ بەجێبهێڵن." سیمۆن ستیل، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا جەختی لەوە کردەوە "بەبێ دابەزاندنی خێرای گازە ناسازەکانی ژینگە، هیچ ئابوورییەک لەو زیانانەی کە هۆکارەکەی گۆڕانی کەشوهەوایە، پارێزراو نابێت." پرۆسەی گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی دارایی نوێ بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت و دەقی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە کە هەفتەی ڕابردوو 33 لاپەڕە و بژاردەی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، بۆ 25 لاپەڕە کەمکراوەتەوە، بەڵام پرسە سەرەکییەکانی وەک بڕی پارە و وڵاتانی دابینکەری پارەکە هێشتا دیاری نەکراون. هاوکاتی قەیرانی دارایی بۆ پارەدارکردنی وڵاتانی هەژار بۆ بەرەنگاربوونەی گەرمبوونی زەوی و دابەزاندنی گازەکان، گروپێک کە لە 45 وڵاتی کەم گەشەسەندوو پێکهاتووە، لە لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن تا ساڵی 2030 ساڵانە پێویستیان بە یەک تریلیۆن دۆلار دەبێت وەک پشتیوانی دارایی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان سەبارەی بە کەشوهەوا. هەروەها زۆرێک لە وڵاتان ڕایانگەیاندووە پرسە داراییەکان بۆ دانانی ئامانجە گەورەکانی کەشوهەوا پێش لووتکەی کاپی 30 ساڵی داهاتوو لە بەرازیل پێویستە دیاری بکرێن. چاودێران دەڵێن گەیشتن بە ڕێککەوتن لە لوتکەی ئەمساڵدا دەتوانێت قورس بێت، ئەمەش بە هۆی جیاوازی تێڕوانینەکان و ناکۆکییەکان سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە لە دنیای سیاسیەتی جیهاندا دروستبووە. سەرچاوە/AP