سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دوای سەرکەوتنی دانۆڵد ترمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دەستکەوتە وردەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی شەڕدا، ڕایدەگەیەنێت ئۆکرانیا دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگڕ بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بهێنێت. زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا حەزی بە ڕێککەوتنی ئاشتی نییە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە گونجاوە مۆسکۆ دابنیشێت بۆ گفتوگۆکردن لەکاتێکدا بەردەوامە لە شەڕکردن. زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی ئۆکرانیادا کە ڕۆژی شەممە پەخشکرا، وتی "لەلای ئێمەوە دەبێت هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم شەڕە لە ساڵی داهاتوودا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی پێبێت." باڵیۆزی مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ڕووسیا کراوە دەبێت بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەگەر لەلایەن ترامپەوە دەستپێشخەری بکرێت. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمانە دەبێت دان بە "ئەمری واقیع"دا بنێن. مۆسکۆ ئەم دەستەواژەیە بەو مانایە بەکاردەهێنێت کە ئۆکرانیا دەبێت دەستبەرداری چوار ناوچە بێت کە هێزەکانی ڕووسیا بەشێکیان داگیریان کردووە و ڕووسیا بە تەواوی بانگەشەیان دەکات. زێلێنسکی لە دوای لەشکرکێشی تەواوەتی ڕووسیا لە مانگی2ی سالی 2022 چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ناتوانرێت ئاشتی بەرقەرار بکرێت تا هەموو هێزەکانی ڕووسیا دەرنەکرێن و هەموو ئەو خاکانەی کە لەلایەن مۆسکۆوە دەستی بەسەردا گیراوە بە کریمیاشەوە نەگەڕێنرێنەوە. زێلێنسکی وتی ئەگەری زۆرە شەڕەکە لە سەردەمی ترامپدا کە زۆرجار لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا دەیگوت بە خێرایی کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت، خێراتر کۆتایی پێبێت. سەرچاوە/ڕۆیتەرز