لە ناوچەیەکی کوردستانی، عەرەب بووەتە زۆرینە و لەوێش سەرژمێری دەکرێن

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-17 15:50:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە ناحیەی کوڵەجۆی سنوری ئیدارەی گەرمیان ژمارەی خێزانە عەرەبەکان زۆر زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکان، لەکاتێکدا هەتا پێش شەڕی داعش ئەو ناحیەیە هیچ خێزانێکی عەرەبی تێدا نەبووە و سەرجەم خێزانە عەرەبەکانیش لەو ناحیەیە سەرژمێری دەکرێن. بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی 11 ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر خێزانی عەرەبی ئاوارەی سەردەمی شەڕی داعش هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و لە ناوچە کوردستانییەکان نیشتەجێن. ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کوڵەجۆس سنوری گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەبارەی ئاوارەکانی ناحیەی کوڵەجۆو چۆنیەتی سەرژمێری کردنیان پرسیارم لە بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دیالە کرد، لە وەڵامدا گوتی گەر لە ناحیەی کوڵەجۆش سەرژمێری بکرێن هیچ گرفتێکی تێدا نییە، بەڵکو سودیشی بۆ ناحیەکە هەیە." ئەو وتیشی،"بودجە بۆ ناوچەکان بە پێی ژمارەی دانیشتوان دادەنرێت، تا ڕێژەی دانیشتوان زۆر بێت، بودجەی ئەو ناوچەیە زیاترە." بەپێی ئامارێکی فەرمی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، ناحیەی کوڵەجۆ کە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە قەزای کفری سنوری گەرمیانە، 438 خێزانی تێدایە و لەو ژمارەیە تەنها 98 خێزانیان کوردی خەڵکی ناحیەکەن، ئەوانیتر عەرەبی ئاوارەو کوردی ناوچەکانی تری پارێزگای دیالەن. ساڵح محەمەد وتی،"سەرجەم ئەو خێزانانەی ئێستا لە کوڵەجۆ نیشتەجێن هەر لەوێ سەرژمێری دەکرێن." هەڵکشانی ژمارەی خێزانی عەرەب لە ناحیەی کوڵەجۆ لەکاتێکدایە، ئەو خێزانە کوردانەی لە بنەڕەتدا خەڵکی ناحیەکەن و ژمارەیان بە سەدان خێزان مەزەندە دەکرێت، نیشتەجێی ناوچەکانی تری سنوری گەرمیانن. بەڕێوەبەری ناحیەی کوڵەجۆ وتی،"سەرجەم خێزانە کوردەکانی خەڵکی کوڵەجۆ کە ئێستا لە ناوچەکانی تری گەرمیانن دەگەڕێنەوە بۆ ناحیەکەو لێرە سەرژمێری دەکرێن." ڕۆژی 14 ی مانگی 11 ی 2024، لایەنە کوردییەکان لە قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە کۆبوونەوەو داوایان لە کوردانی ناوچەکانی پارێزگای دیالە کرد، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان بۆ ئەوەی لەو ناوچانە سەرژمێری بکرێن. ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق لەکاتێکدایە، ڕێژەی کورد لە ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپەو مەندەلی پارێزگای دیالە کەمترە لە 10%، لەکاتێکدا پێشتر کورد لەو سنورانە زۆرینە بووە. دۆخی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی پارێزگای دیالە لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە ئاستێکدایە، تەنانەت تا ئێستا ڕێگە بە حزبە کوردییەکانیش نەدراوە بارەگا لە هەندێک لەو ناوچانە دابنێنەوە. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ بارەگایەکی کوردی لە ناحیەکانی جەلەولاو سەعدیەو مەندەلی و قەرەتەپە بوونی نییە، وەکو کورد ترسمان لەوە هەیە سەرژمێری بکرێتە بەدیلی ئەو راپرسییەی لە دەستوردا بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 ئاماژەی پێدراوە." ترسی کورد لە سەرژمێری و قۆستنەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مەسەلەی سیاسی لەکاتێکدایە، لە نێو فۆرمی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق دا ئاماژە بە نەتەوەو مەزهەب نەکراوە.