بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی مانگی یانزەی 2024، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لەکاتی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی لە گروپە چەکدارییەکان لە سنوری ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای دوزخورماتوو بۆمبێکی چێنراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلی هێزەکان تەقیەوە و لە ئەنجامدا 3 ئەفسەری پێشمەرگە و 3 سەرباز کوژران و برینداربوون. وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووداوەکە لە ڕێگای دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکەوە هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەبڕی و ڕایگەیاند،" کاتژمێر 9ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 17ی مانگی یانزەی 2024، لەسنوری قەزای خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای 1ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لە ئەنجامدا عەقید روکن سامان سلێمان فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد ڕەزا کەریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ی سوپای عێراق و ن.ض شریف ئەحمەد محەمەد ئەمین شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونی سێ سەرباز و ڕووداوەکە لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفروانی ئاسایشی هاوبەش بووە." بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دراون بە دەنگی ئەمەریکا، بۆمبەکە درەنگانێکی شەو لەلایەن گروپە چەکداریە توندڕەوەکان لەسنوری ناحیەی سلێمان بەگی سەربەقەزای دوزخورماتوو دانران و لەکاتی کێوماڵەکەدا بۆمبەکە تەقیوەتەوە و ئەو ئۆتۆمبیلەی کە بەرکەوتووە پارچە پارچە بووە و سێ ئەفسەری پلەدرا گیان لەدەستداوە یەکێکیان پێشمەرگەیە و دوانی دیکەیان پلەداری سوپای عێراقە و تائێستا تەرمەکان لەیەک جیانەکراونەتەوە و جەستەیان سوتاوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون. لەدوای ڕووداوەکەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆیی ئاراستەی کەسوکاری کوژراو و بریندارەکان کرد و ڕاگەیاند،"ئەم کردەوە تیرۆریستیە ئەوە دەسەڵمێنێت کە تیرۆر هێشتا مەترسیەکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی و سەرو ماڵی هاووڵاتیان بەتایبەتی لە ناوچەکانی مادەی 140 دەکات، بۆیە جەخت لە بەردەوامی و پتەوکردنی زیاتری هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەڕەنگاربوونەوە و تێکشاندنی تێرۆریستان دەکەینەوە." قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند،" بەداخەوە جارێکی تر دەستی تیرۆر گەشتە خوێنی ڕۆڵە قارەمانەکانمان و ئەفسەرێکی پێشمەرگە و دوانی دیکەی سوپای عێراق شەهیدبوون و سیانی دیکەیش برینداربوون." وتیشی،" وەک چۆن هەموو جارێک دوای شەهیدبوونی ڕۆڵەیەکی گەلەمان، پێشمەرگە و هێزەئەمنیەکانمان گورزی کوشندە و جەرگبڕتر لە تیرۆریستان دەوەشێنن، بە دڵنیایەوە دوای شەهیدبوونی ئەم سێ قارەمانەشمان، هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی پیرۆزیان دەکەنەوە." جگە لەو بۆمبەی چێنراوەی کە بەیانی ئەمڕۆ تەقیەوە، مینە چێنراوەکان هاوشێوەی داعش بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە پێشووتر شەڕیان تێدا بوو لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانیش، چونکە تەواویان لەکاتی شەڕدا لەژێرخاک نراون و ناو بەناوە دەتەقنەوە و خەڵکی و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بە ئامانج. فەرماندەیەکی پێشمەرگە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو ڕووداوەی بەیانی ئەمرۆ ڕەنگە بەبەردەوامی دووبارە ببێتەوە، چونکە هێشتا گروپە چەکداریە توندڕەوەکان بەتایبەت داعش مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک کەرکوک و دوزخورماتوو و سنوری ناحیەکانی سەر بەقەزای خانەقین، بۆیە پێویستە چاوکراوەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت و ڕێگری بکرێت لەو جوڵانەی کە گروپە چەکداریەکان هەیانە لە ناوچەکاندا." وتیشی،" لە ساڵی 2014 کاتێک داعش دەستی بە شەڕ کرد لە دژی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هەزاران بۆمبی چێنراوی لە سنورەکان چاند، هەرچەندە بەشێکیان هەڵگیرانەوە، بەڵام ئەتوانم بڵێم بە هەزاران بۆمبی شاراوە تائێستا هەڵنەگیراوەنەتەوە وەک چۆن داعش بەنهێنی دێن و دەڕۆن ئەم بۆمبانەش بە شاراوەی خۆیانیان مەڵاس داوە لە هەر کات و ساتێکدا بێت ئەوەندەت زانی تەقینەوە و کارەساتیان دروستکرد." ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد،" حکومەتی عێراقی دەتوانێت بودجەی پێویست بۆ هەڵگرتنەوەی مینە شاراوەکان تەرخان بکات، بەڵام پرۆسەکە زۆر ئەستەمە بکرێت، چونکە هێشتە بۆمبی سەردەمانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران هەڵنەگیراونەتەوە، چ جا ئێستا بێن و مینی دە ساڵ لەمەوپێش هەڵبگرنەوە."