ڕووسیا هێرشێکی ئاسمانی توند دەکاتە سەر ژێرخانی ئۆکرانیا

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-17 19:10:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هێرشێکی زەبەلاحی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئۆکرانیا باسییان لە هێرشەکە کرد و وتییان گەورەترین هێرش بووە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، هێرشەکە ژێرخانی وزەی کردووەتە ئامانج و هاووڵاتیانی سڤیلیش کوژراون. هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ترس و نیگەرانییەکان زیاتر بوون سەبارەت بە نیازی ڕووسیا بۆ لە ناوبردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ئۆکرانیا پێش وەرزی ساردی زستان. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا 120 موشەک و 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە، لە هێرشێکی بەرفراواندا بۆ سەر سەرانسەری ئۆکرانیا. وتی جۆری جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدراون، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ئێرانیشەوە، هەروەها موشەکی باڵیستیکی کروز و موشەکی باڵیستیکی ئاسمان بۆ زەویش. زێلێنسکی وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا 140 ئامانجی ئاسمانییان خستووەتە خوارەوە. وتی " دوژمن ژێرخانی وزەمانی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا کردووەتە ئامانج. بە داخەوە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پارچە و پاشماوەکانەوە زیان هەبووە. لە میکۆلایڤ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا دوو کەس کوژراون و شەش کەسی دیکە بریندار بوون، دوو منداڵیشییان تێدا بووە." فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسا ئۆلی کیپەر وتی دوو کەسی دیکە لە هەرێمەکەدا کوژراون، هێرشەکە زیانی بە ژێرخانی وزە گەیاندووە و کارەبا و ئاوی ناوچەکەی بڕیوە. بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی سەربازیی شاری کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەهێزترین هێرش بوون لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا. ڕۆژی یەکشەممە دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا بیستراوە، بە کیێڤی پایتەختیشەوە، هەرێمەکانی ئۆدێسا و هەرێمەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵاتەکەش کراونەتە ئامانج. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا