سەرۆک بایدن دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی دارستانەکانی ئامازۆن بکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-17 19:10:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆک جۆو بایدن دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی دارستانەکانی ئامازۆن بکات لە کاتێکدا کە تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی کە زۆرجار لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە بە کەم سەیرکراوە، ترامپ بەڵێنیداوە ئەو ڕێوشوێنانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا گیراونەتەبەر. بایدن لە لیمای پیرۆوە سەردانی ماناوسی بەڕازیل دەکات و لەوێ لەگەڵ ئەو سەرکردانەی ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە کە کاردەکەن بۆ پاراستنی ئامازۆن، دواتر دەچێت بۆ ڕیۆ دی جانێرۆ و ئامادەی لوتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی بیست دەبێت، لە لوتکەکەدا تاوتوێی پرسەکانی وەکو برسێتی و هەژاریی و کەش و هەوا و فەرمانڕەوایی جیهانی دەکرێت. زانایان دەڵێن پاراستنی دارستانەکانی ئامازۆن زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی گۆڕانی کەش و هەوا، ئەوەش بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی دوانەئۆکسیدی کاربۆنەوە کە درەختەکانی دارستانەکە هەڵیدەمژن. سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ دا سیلڤا بەڵێنیداوە هەتاوەکو ساڵی 2030 بڕینەوەی درەختەکانی دارستانەکان لە وڵاتەکەدا نەهێڵێت و داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کردووە یارمەتی بدەن لەو پرسەدا. ساڵی ڕابردوو بایدن وتی داوا لە کۆنگرێس دەکات 500 ملیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ یارمەتیدانی بەڕازیل لەو ڕووەوە. بەڵام تاوەکو مانگی حەوت ئەمەریکا تەنها یەک لەسەر دەی ئەو پارەیەی دابین کردووە. ترامپ گۆڕانی کەش و هەوا بە شتێکی ناڕاست دەزانێت و پلانی هەیە ئەو بڕیارە مێژووییانەی بایدن سەبارەت بە کەش و هەوا هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو پارەیەی کە لەو بوارەدا خەرج دەکرێت دابینی بکات بۆ درێژکردنەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی باج کە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا واژۆی کردبوو. ترامپ ئامانجیشی ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ئەمەریکا زیاتر بکات و یاساکانی بایدن بۆ کەمکردنەوەی ئوتومبێلی سوتەمەنی لەسەر شەقامەکان هەڵبوەشێنێتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز