ڕۆژی دووشەممە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست گەیشتنە بەڕازیل بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جیهانی، لەوانەش کەش و هەوا و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکانییاندا لەسەر جەنگەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا، ئەمەش پێش ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامادەی دوایین کۆبوونەوەی ئابوورییە گەورەکانی جیهان دەبێت، هاوکات سەرۆکی چین شی جینپینگیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت. سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا ئەرکەکانی وەکو میوانداریکار دەقۆزێتەوە بۆ هاندان بۆ کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی کە خۆی ئارەزووی لێیانە، لەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاریی و گۆڕانی کەش و هەوا و وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندەکان. بەڵام جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو دووبەرەکی خستووەتە نێو ئەندامانی کۆمەڵەی بیستەوە، یەکێکیش دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان. بڕیارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بایدن بۆ ڕێگەدان بە ئۆکرانیا تاوەکو موشەکی مەودا دووری ئەمەریکایی بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، کە ئەوەش گۆڕانێکی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر جەنگەکە، ڕەنگە هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی ناچار بکات ئەوانیش پێداچوونەوە بە هەڵوێستیاندا بکەنەوە. ئاسایشێکی توندیش هەیە بۆ کۆبوونەوەکە، کە چەند ڕۆژێک دوای هێرشێکی تەقینەوە دێت بۆ سەر دادگای باڵای بەڕازیل لە برازیلیا کە لەلایەن توندڕەوێکی ڕاستەوە ئەنجامدرا و خۆشی لەو هێرشەدا کوشت. جێی ئاماژەیە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت، پوتن لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە مۆڵەتی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەهۆی جەنگەکەی ئۆکرانیاوە. سەرۆکی بەڕازیل بە کەناڵێکی بەڕازیلی وت کە نایەوێت جەنگەکانی ناو ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرنجەکان لەسەر هەژاریی لە جیهاندا لاببەن. وتی " چونکە ئەگەر وانەبێت، ئەوا باسی ئەو شتانەی دیکە ناکەین کە زۆر گرنگترن بۆ ئەو خەڵکانەی کە وڵاتەکانییان لە جەنگدا نین، کە خەڵکی هەژارن و جیهان نایانبینێت." سەرچاوە/ فرانس پرێس