دەزگای تەندروستی یەکێتی ئەوروپا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کە ئەوروپا خەریکە ئامانجەکانی لە دەست دەدات لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دژە باکتریا " Antibiotics ". سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت بەکارهێنانی دژە باکتریا لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵانی نێوان 2019 بۆ 2023 لە سەدا یەک زیادیکردووە، بە مانای ئەوەی کە " ئێستا زیاتر دوورکەوتوونەتەوە لە ئامانجەکەیان کە بریتییە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان بە ڕێژەی لە سەدا 20 تاوەکو ساڵی 2030." بەرگری دژە میکرۆب لە کاتێکدا ڕوودەدات کاتێک بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان چیتر دەرمانەکان کارییان تێناکات، بە دەرمانەکانی دژە باکتریاشەوە، سەنتەرەکەش دەڵێت ئەوە مەترسییە لەسەر تەندروستی گشتی. زیادبوونی بەرگرییەکە واتە " زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکانی سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بژاردەیەکی کەمی چارەسەر لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان." سەنتەرەکە وتیشی بەبێ ئەنجامدانی کارێک، پێناچێت یەکێتی ئەوروپا بگاتە ئامانجەکانی، داوای " وەڵامێکی یەکگرتوو و بەپەلەی " کرد بۆ ئەو کێشەیە. بەڕێوبەری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی یەکێتی ئەوروپا پامێلا ڕێندی واگنەر وتی " ئەم وەڵامدانەوەیە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی نەخۆشەکان و هێشتنەوەی کاریگەریی دژە باکتریاکان بۆ نەوەکانی داهاتوو." سەنتەرەکە وتیشی " کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان پێویستی بە زانیاریی زیاتر و هەڵمەتی زیاتری هۆشیاری گشتی هەیە، دەبێت دەستوەردانی کۆمەڵایەتی و ڕەفتارەکانیش تەواوکەری ئەوە بن بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ناپێویستی دژە باکتریاکان." سەرچاوە/ فرانس پرێس