دووهەمین هەفتەی گفتوگۆکانی ئاو و هەوا لە باکۆ دەست پێدەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-18 21:00:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیکردەوە بە گفتوگۆکانی ئاو و هەوا و داوا لە دانوستکاران کراوە بەرەوپێشچوون بکەن لە ڕێککەوتنێکی چەق بەستوو کە تێیدا دەبێت وڵاتانی پێشکەوتوو پارەی زیاتر خەرج بکەن لە وزەی پاکدا و هەروەها لە هەوڵەکاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی زۆری ئاو و هەوا. سکرتێری جێبەجێکاری گۆڕانی ئاو و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان سیمۆن ستیڵ داوای لە وڵاتان کرد " واز لە شانۆکردن بهێنن و دەست بە کارە ڕاستەقینەکە بکەن." ستیڵ لە ژوورێکی پڕ لە شاندەکاندا لە باکۆی ئازەربایجان وتی " تەنها لە کاتێکدا کارەکە تەواو دەکەین کاتێک لایەنەکان ئامادە بن پێکەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، نزیکترمان بکەنەوە لە بنەما هاوبەشەکە. دەزانم دەتوانین ئەمە بکەین." وەزیرانی کەش و هەوا و ژینگە لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوونەتە باکۆ و بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن تاوەکو یارمەتیدەر بن لە بەرەوپێشەوەبردنی گفتوگۆکاندا. سەرۆکی کۆنفرانسی کەش هەوا COP29 موختار باباییڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " سیاسییەکان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بگەن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە. دەبێت دەستبەجێ و بونیادنەرانە ئەو کارە بکەن." گفتوگۆکان لە باکۆ سەنگییان خستووەتە سەر دەستکەوتنی پارەی زیاتر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە وزەی بەردینی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوا و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی کەش و هەوای توندەوە کەوتوونەتەوە. بەڵام وڵاتان ناکۆکن لەسەر ئەو کارانە چەندێک پارەیان دەوێت. کۆمەڵێک وڵاتی پێشکەوتوو هەفتەی ڕابردوو وتییان دوورکەوتنەوە لە وزەی بەردینی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوا و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی کەش و هەوای توندەوە کەوتووتەوە پێویستی بە 1.3 تریلیۆن دۆلار هەیە، هاوکات وڵاتانی دەوڵەمەند تاوەکو ئێستا بڕە پارەیەکییان دیاری نەکردووە. چەندین شارەزا پێیان وایە ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا نزیکەی 1 تریلیۆن دۆلارە. وۆپکە هۆیکسترای کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کەش و هەوا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی " هەموومان دەزانین کە هەرگیز لە سیاسەت و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئاسان نیە باسی پارە بکەیت، بەڵام نرخی کارەکەی ئەمڕۆ لە ڕاستیدا زۆر کەمترە لە نرخی هیچ نەکردن." وتی " ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشەنگ بوون لە پێدانی ئەو پارەیەی کە لەسەرمانە و تەنانەت زیاتریش دەدەین، وەکو چۆن هەمیشە کردوومانە. ئەوانی دیکە بەرپرسیارێتییەکییان هەیە لە بەشداریکردن بەپێی ئەو بڕە دوانەئۆکسیدەی کە وڵاتەکانییان دەریدەدەنە هەواوە و بەپێی گەشەی ئابوورییەکانیشیان." تێریسا ئاندەرسنی گڵۆبال لید لەسەر دادپەروەریی کەش و هەوا لە ئاکشنئەیدی نێودەوڵەتی، گومانی هەیە لە نیازەکانی وڵاتانی دەوڵەمەند. ئاندەرسن وتی " نیگەرانییەکە ئەوەیە کە فشارەکە بۆ زیادکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ لیستی یارمەتیدەران لە ڕاستیدا بۆ کۆکردنەوەی پارەی زیاتر نیە بۆ وڵاتانی هێڵی پێشەوە. وڵاتانی دەوڵەمەند تەنها هەوڵ دەدەن پەنجە بۆ کەسێکی دیکە ڕابکێشن و بیانوویان هەیە بۆ ئەوەی پارەیەکی کەمتر بدەن. ئەوە ڕێگە ڕاستەکە نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خراپبوونی کەش و هەوادا." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا