بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، وێرای ئەوەی پرۆسەی سەرژمێریکردن زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت و پێشوازیەکی زۆر باش لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە پرۆسەکە دەکرێت، هاوکات لە ئاستی باڵا پلان دانراوە بۆئەوەی هاووڵاتیانی تاراوگەنشینیش بێ بەش نەکرێن لەو پرۆسەیە، بۆیە لە قۆناغی دووەمدا لە ڕێگەی باڵوێزخانەی عێراقەوە ئەو هاووڵاتیانە سەرژمێر دەکرێن. شوان جەبار، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی و ئەندامی یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کوردانی تاراوگە کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن حکومەتی عێراق و هەرێم هەماهەنگیان کردووە کە لە ڕێگەی سەفارەتەکانی خۆیەوە پرۆسەی سەرژمێری لە دەرەوەی خاکی خۆی بۆ ئەو کەسانە بکات لە قۆناغی دووەمدا دوای کۆتایی هاتنی لە عێراقدا، بەشیوازێک ڕەنگە بە چەند ڕێنماییەک ئەنجام بکرێت، واتە دانیشتوانی دەرەوەی عێڕاق بێبەش نابن لە سەرژمێری." وتیشی،" سەرژمێریەکە زۆر وردە و هەموو شتێکی تێدا یەکلا کراوەتەوە، تەنانەت باس لە قۆناغی نیشتەجێبوونی پێشتری دەکرێت، لە کام شارەوە هاتوویت؟ ئەوەش تۆمار دەکرێت و هۆکاری گۆڕینی پارێزگاکەی دیاری دەکرێت، واتە دیموگرافی هیجرە لە عێراق دەستنیشان دەکرێت، کەواتە عێراق دەبێت مشووری ئەو هاووڵاتیانەی بخوات کە لەدەرەوە دەژین و تەنها کورد نین، بۆیە لە قۆناغی دووەمدا بە پلان سەرژمێری ئەوانیش ئەنجام دەدرێت." بڕیارە ڕۆژی 20ی مانگی 11ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام بدرێت، تیمەکانی سەرژمێری سەرقاڵی پرۆسەکەن و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان، کە لە 17ی مانگەوە پرۆسەی گەڕان بە گەڕەکەکاندا دەستی پێکردووە و وابڕیاریشە لە قۆناغی کۆتاییدا، ڕۆژەکانی 20 و 21 ی مانگ بکرێتە قەدەغەی هاتووچۆ، بەمەبەستی مانەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەکانیاندا و ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دروست. سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆسەکە، پێشوازی هاووڵاتیان و هاوکات ئاستەنگی بەردەم تیمەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی پرۆسەکە بە "سەرکەوتوو و گرنگ" ناو دەبات. شوان جەبار دەڵێت،" تیمەکانمان کەمترین ئاستەنگیان هەیەکە شیاوی وتن نین، هۆکارەکەش بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری و بە گرنگ بینینی پرۆسەکەیە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بە تایبەت بۆ کورد کە لە ساڵی 1987ەوە بێبەش بووە لە سەرژمیری، بۆیە پرۆسەکە بۆ کورد زۆر گرنگە." دەشڵێت،" هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و نیشتەجێی هەرێم لە سەرەداتا ڕێگریان لە تیمەکانمان کرد کە لەسەر هەرێم ناویان تۆماربکرێت، بۆیە خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، خەڵکێك هەیە لە ئەوروپاوە سەفەری کردووە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەکە بکەن." سەبارەت بەو کەسانەی کە دانیشتووی عێراقن و بەڵام خاوەنی ناسنامەی ئەو وڵاتە نین یاخود کۆچەرین، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت،" بەڵگە نامەکەی عێراقیە یان نا؟ یان بەڵگە نامەکەی دیار نییە، یاخود هەر نییەتی هەمووی تۆمار دەکرێت لە سەرژمێریەکەدا."