سوید و فینلەندا داوا لە دانیشتوانییان دەکەن ئامادە بن بۆ جەنگ

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-18 22:10:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە سوید ملیۆنان نامیلکەی نارد کە تێیدا ڕێنمایی تێدایە بۆ دانیشتوانەکەی لەسەر چۆنێتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەری ڕوودانی جەنگ، فینلەنداش ماڵپەڕێکی نوێی کردەوە. دوو وڵاتە دراوسێکەی باکووری ئەوروپا دەستبەرداری سیاسەتە دەیان ساڵەکەیان بوون لە بێلایەنی سەربازیی و دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و بوون بە ئەندام لەو هاوپەیمانییە سەربازییەدا. بەڕێوبەری دەزگای بەرگری شارستانی سوید میکێل فریسیل وتی " دۆخی ئاسایش مەترسیدارە و هەموومان پێویستە خۆمان پتەو بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی جیاواز و دواجار جەنگ." لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە، سوید بەردەوام داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکە کردووە لە ڕووی دەروونی و ماددیەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی چەکداریی. دوای جەنگی سارد، سوید بە شێوەیەکی بەرچاو خەرجی بەرگریی وڵاتەکەی کەم کردەوە، چونکە زیاتر سەنگی خستە سەر هەوڵە سەربازییەکان لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی ئاشتیدا. بەڵام دوای ئەوەی مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا نیمچە دوورگەی کرایمیای ئۆکرانیای لکاند بە ڕووسیاوە، سوید پەیڕەوە سەربازییەکەی گۆڕی. سوید لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خەرجی بەرگریی زیاد کردووە و بنکەیەکی دووبارە لە دوورگەی گۆتلاندی دەریای باڵتیک کردەوە. وەزیری بەرگری شارستانی سوید کارڵ ئۆسکار بۆهلین لە مانگی یەکدا وتی " دەکرێت جەنگ لە سوید هەبێت." سەرکردەی ئەو کاتەی سوپای سوید میکایل بیدین چەند ڕۆژێک دوای ئەوە وتی " سویدییەکان دەبێت لە ڕووی دەروونییەوە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە بکەن." ماوەی دوو سەدەیە سوید نەچووەتە جەنگەوە. نامیلکەکان کە نێردراون تێیاندا هاتووە دەڵێت " ئاستی مەترسی سەربازیی لە زیادبووندایە. دەبێت ئامادە بین بۆ خراپترین سیناریۆ، کە ئەویش هێرشێکی چەکدارییە بۆ سەر سوید." هاوکات حکومەتی فینلەنداش ماڵپەڕێکی کردەوە کە تێیدا زانیاری دەخاتەڕوو لەسەر ئامادەکاریکردن بۆ چەندین قەیرانی جیاواز. فینلەندا سنوورێکی 1340 کیلۆمەتری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە و هێلێنسکی ئامادەکارییەکی زیاتری کردووە بۆ ئەگەری جەنگ. دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، فینلەندا ڕایگەیاند پلانی هەیە پەرژینێکی 200 کیلۆمەتری بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ڕووسیادا دروست بکات. بڕیارە پەرژینەکە لە ساڵی 2026 دا تەواو ببێت، پەرژینەکە سێ مەتر بەرزە و تەلی کارەبایی لەسەر داندراوە. سەرچاوە/ فرانس پرێس