بریکارێکی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق: گەر ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە 12.67 کەمتر بێت پشکە بودجەکەشی کەم دەکرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-19 17:11:13 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەبێتە بنەمایەک بۆ داڕشتنەوەی بودجەی وڵات، بۆیە گەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم 12.67 کەمتر بێت ئەوکات پشکە بودجەی هەرێمیش کەم دەکرێتەوە. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە یاسای بودجەی عێراق دا لە ساڵی 2005، ئەوکات ڕێژەی 17% بۆ هەرێمی کوردستان دانرا، ئاماژەبەوەکرابوو ئەم بڕە بودجەیە تا ئەوکاتەیە کە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدرێت، گەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتربوو بودجەی کەم دەکرێتەوەو زیاتریش بوو زیاد دەکرێت." پێشتر رێژەی 17%ی بودجەی عێراق وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام دواتر پشکە بودجەی هەرێم بۆ 12.67 کەمکرایەوەو چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی سەرژمێری گشتی رێژەی دانیشتوانی هەرێم ڕوونبکاتەوە. فازڵ نەبی دەڵێت،"سەرژمێری دەریدەخات رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەسەدا چەندی رێژەی دانیشتوانی عێراقە، بۆیە ئەنجامی سەرژمێری دەبێتە بنەما بۆ داڕشتنەوەی یاسای بودجەی عێراق." بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 20 ی مانگی 11 ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت و لیژنەی باڵای سەرژمێری لە 18 کەس پێکهاتووە، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆو پلان دانانی هەرێم ئەندامن لە لیژنەکەدا. شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بۆ ئەوەیە بکرێتە بنەمای داڕشتنەوەی بودجە، بۆیە ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان." یەکێک لە مەترسییەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتربێت لە 12.67 و پشکە بودجەی هەرێم لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی کەم بکرێتەوە. فازڵ نەبی دەڵێت،"گرفتی گەورە ئەوەیە دانیشتوانی خوارووی عێراق وەچە زۆر دەخەنەوە، لەکاتێکدا دانیشتوانی هەرێم چاو لە ئەوروپا دەکەن و پێیانوایە وەچە خستنەوەی زۆر قورسە." ئەو وتیشی،"هەرچەندە ترس هەیە لەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتر بێت لە 12.67، بەڵام پێموایە رێژەی دانیشتوانی هەرێم لەو ژمارەیە زیاترە. بە پێی ئاماری وەزارەتی پلان دانانی عێراق رێژەی دانیشتوانی هەرێم 13.9ی کۆی دانیشتوانی عێراقە." ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2023 بڕی 470 ملیار دیناری بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی پەسەند کرد، بەو پێیەی سەرژمێری گشتی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکان دەردەخات و ئەنجامەکەی دەکرێتە بنەمای تەرخانکردنی بودجە بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق.