لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی محەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکانی ئەو سەردانە باسکردن بوو لە پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئەم پرسە لە مێژە قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام بە بڕوای بەشێک لە چاودێران سودانی دەیەوێت پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی لەم کابینەیە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. دەپرسین: بەربەستەکانی بەردەم هەنارەکردنەوەی نەوتی هەرێم چین؟ ئایا دەتوانرێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە پێش کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتی سودانی لەم خولەی حکومەتدا؟ بۆچونی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم چیە؟ ئایا بەو نرخەی بەرهەمهێنانی نەوت ڕازین کە بۆیان دیاریکراوە؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: 1- ئامانج هەرکی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان. 2- یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕونبین بۆ شەفافیەتی پرۆسەکانی نەوت و گاز. 3- محەمەد حسێن، توێژەر لە تۆڕی ئابوریناسانی عێراق و شارەزای کەرتی وزەی عێراق. ئامانج هەرکی : هەتا هەمواری یاسای بودجە پەسەند نەکرێت ناتوانرێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان نرخی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری نەوت لە بەشەکانی تری عێراق، یەکێک لە مەرجەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان (مەحمود مەشهەدانی) لە نزیکترین کات لە هەفتەی داهاتوو لە یەکەم دانیشتندا حکومەتەکەی سودانی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ ئەو بڕگانەی بنێرێت کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم هەتا دەنگ لەسەر ئەو هەمووارە بدرێت، هەر بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت هەبوبێت شاندی هەرێم و بەغداد پێکەوە چارەسەرییان کردووە تاکە بەربەست نرخی بەرهەمهێنانی نەوتە ئەوەندەی بزانم ئەو کۆمپانیایانە لەسەر ١٦ دۆلارەکە ڕازی بوون. بێگومان ئاسان نابێت کە هەمواری یاسای بودجە بکرێت، بەڵام لەئێستادا هەموو لایەنەکان تێگەیشتوون ئەگەر بیانەوێت ئارام و سەقامگیربن و خۆیان بگرنەوە دەبێت سەقامگیری ئاسایش و ئابوری لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بۆیە سودانی و حکومەتەکەی دەیانەوێت پەیوەندی باشییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت. بێگومان ڕێککەوتن لەگەڵ لایەن و کوتلەکانی دەرەوەی لایەنە کوردییەکانی ناو پەرلەمان لە پێشوەختەدا هەیە ئەگەر نەبووایە باس لەوە نەدەکرا لە یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی مەشهەدانی هەمواری یاسای بودجەی عێراقی دەکرێت. هەرکات هەناردەی نەوت و داهاتەکانی هەرێم ڕادەستی بەغداد کرا ئەوکات دەبێت بەغداد بەشە بودجەی هەرێم بە تەواوەتی بنێرێت، هەرکات ئەو شتانە یەکلایی کرایەوە بەغداد بەشە بودجەی هەرێم دەبێت بنێرێت و دەنێردرێت ئەوکاتیش کێشەی موچەی خەڵک ئۆتۆماتیکی چارەسەر دەبێت، یاسا لە بەغداد زۆر کاریگەرە فەرمانبەری حکومەت ناتوانێت بەبێ یاسا جوڵە بکات جونکە هیچ کەس نایەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، ناتوانن بەشە بودجەی هەڕێم نەنێرن. محەمەد حسێن: سروشتی کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم جیاوازە لە هەندێک شوێن تێچووی زیاتری دەوێت بۆ بەرهەمهێنان لە هەندێک شوێن کەمتر لە هەندێک شوێن زیاتر، ئەوەی ئێستا هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشە، هەنگاوێک لەچارەسەر نزیکمان دەکاتەوە، بەڵام لەدوای ئەوە هێشتا زۆر ئیشی تر ماوە، سەبارەت بەو نرخەی بەنیازە دابنرێت لە هەمواری یاسای بودجەدا، کە(١٦)دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت نە وتویانە ڕازین نەوتویانە ناڕازین، ئەوان دڵیان بەوە خۆشە وەزارەتی نەوت بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێم کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری دەهێنێت بۆ دیاریکردنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگە نەوتییانە، کە ئەوە کرا هیچ لایەک مەغدور نابێت، کۆمپانیاکان دڵیان بەوە خۆشە، بەڵام ئەوەش دەمێنێتەوە سەرئەوەی لە مانگەکانی داهاتوو لایەنی حکومەتی عێراقی و کۆمپانیاکان چۆن هاریکاری یەکتر دەبن، تا ئەوە چارەسەر بکرێت، چونکە کاتێک بە قەڵەم و کاغەز دیاریدەکرێت ئاسانە، بەڵام لەجێبەجێکردنیدا وردەکاری و کاری زۆری دەوێت، بەبێ ئەو گرێبەستانە مومکین نیە ئەو کۆمپانیا ڕاوێژکارییە بتوانێت بڕی تێجوو وەبەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم دیاری بکات، ئەم چارەسەرییەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دانراوە، چارەسەرێکی باشە، کاتییە و ڕیشەیی نیە، هەتا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکرێت ئەو چارەسەرە نابێتە ڕیشەیی، باشترینە لەوەی هەتا ئەمڕۆ پێی گەیشتوون، بەڵام ئەم چارەسەرە نابێتە چارەسەرێک بۆ دوور مەودا و هەمیشەیی ، بەپێی ئەم یاسایە دەبێت چارەسەری هەمیشەیی بۆ ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربکرێت، ئەوکاتیش مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان هەم بۆ هەرێم بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاسانتر دەبێت، ئەم چارەسەرەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمای یاسای بودجەی سێ سالڵەی عێراق دانراوە، چارەسەرێکی کاتییە، یەک دنیا بۆمبی تەوقیتکراوی تێدایە، یەک دنیا کێشە و گرفتی تەکنیکی تێدایە لەهەر دەقە و خولەکێکدا دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ تێکدانی چارەسەرییەکە، چارەسەری هەمیشەیی و بنبڕیش کاتێک دەکرێت کە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت، دەبێت لەم یاسایەدا بەڕوونی پێمان بڵێت، دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم لە کوێدا دەستپێدەکات و لە کوێدا کۆتایی پێدێت، هەروەها دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لە کوێدا دەستپێدەکات و لە کوێدا کۆتایی پێدێت، چونکە بابەتی نەوت، تەنها دەرهێنان و فرۆشتنی نیە، چەندین وردەکاری و بەشی تری هەیە، ئەمانە بۆمبە تەوقیتکراوەکانن، ئەمەش تەنها بە یاسای نەوت و گاز چارەسەر دەبێت نەک یاسای بودجەی سێ ساڵە، ئەو کۆمپانیا ڕاوێژکاریەی دەهێنرێت لەسەر بنەمای ئەو گرێبەستە نەوتیانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکاندا هەیە دەتوانن خەرجییەکان و مافەکان دیاریبکەن، پێشتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوون ئەو گرێبەستانە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکەن، ئایا ئێستا ئامادەن ئەو گرێبەستانە ڕادەست بکەن؟! ئەمەش یەکێکە لە گرێ کوێرەکان، چونکە لەهەمانکاتدا دەبێت وێنەیەکی ئەو گرێبەستە نەوتیانە ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکەن چونکە دەبێت حکومەتی عێراقی بزانێت لەسەر چ بنەمایەک ئەو تێچووی بەرهەمهێنانە دیاریکراوە، بۆیە ڕادەستکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بە کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکە و حکومەتی عێراقی یەکێکە لەپێش مەرجەکانی سەرگرتنی بریاری دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئەمجارە ئەو گرێبەستانە ڕادەست دەکەن یان ئەوە نازانرێت و ماوەتەوە لای بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، ئەم گرفتە و زۆربابەتی تری گرفتی تەکنیکی هەیە ئەگەر نیەت پاکی و ویست و ئیرادەی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق نەبێت جێبەجێکردنی هەمواری یاسا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاسان نیە، لە هەموو خولەکێکدا ئەم بابەتانە ببنە گرفت و کێشە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم گرێبەستە نەوتییەکان هەم ڕادەستی بەغداد هەم ڕادەستی کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکە بکات، بەبێ پێدانی ئەو گرێبەستانە مەحاڵە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە و قەناعەت پێهێنانی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە! یادگار گەڵاڵی: بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڕیارێکی باش و ئیجابیە، لەو چەقبەستوویەی لە گفتوگۆکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هەنگاوێک چوینەتە پێشەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە عیبرەت لەجێبەجێکردنیدایە، ئەمە هێشتا قۆناغێکی سەرەتایە کە بڵێیین هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە ، چونکە ئەمە تەنها پێشنیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و پێشنیارەکە چۆتە پەرلەمان وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دانیشتن ئەنجامبدات و ئەوکاتەی لە پەرلەمان دەربچێت ئەوکات دەبێتە هەموار و بڕیار، بەپێی هەمواری بڕیارەکە تێچووی بەرهەمهێنان لە ٦دۆلارەوە کراوەتە ١٦ دۆلار، ئێمە لە ڕونبین پێمان وایە ئەو نرخە دادپەروەرانەیە، خەرجییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستە نەوتییەکانە، کەواتە دەبێت هەرلایەنێک بڕیاردەدات لەسەر ئەو خەرجییانە دەبێت ئەو گرێبەستانەی لەبەردەستدا بێت، بەبێ ئەو گرێبەستانە هیچ مانایەکی نیە، هیچ لایەنێک ئامادە نیە ئەو تێچووانە دیاری بکات، بۆیە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیش هیچ چارەیەکی نیە دەبێت گرێبەستە نەوتییەکان ڕادەستی لایەنی سێییەم کە کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکەیە بکات لە قۆناغی داهاتوش ئەو گرێبەستانە بدرێنە حکومەتی عێراقی، تا هەرێم گرێبەستە نەوتییەکان ڕادەست نەکات بڕواناکەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم بڕواناکەم کێشەیان هەبێت لە ڕادەستکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم ئەو لایەنەی هەتا ئێستا کێشەی هەبووە لەڕادەستکردنی ئەو گرێبەستانە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چارە تەنها لەبەردەم حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە کە گرێبەستەکان ئاشکرا بکەن بۆ ئەو لایەنەی کە پارەیان دەداتێ.