پسپۆرانی خۆراک هۆشداری توند دەدەن لەو خۆرکانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و دەڵێن،" کوالێتیان خراپە و گەر پشکنینی تەواویان بۆ نەکرێت لە خاڵە سنوریەکان ئەوە لە چەند ساڵی داهاتوو ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە دوو هێندە زیاتر دەبێت." لە شکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوو لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگە و ئەو خۆراکانەی کە ڕۆژانە هاوڵاتیان دەیخۆن، بەداخەوە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشی شیرپەنجە لە هەرێم سێ هێندە زیادیکردووە." وتیشی،" زۆرینەی خۆراکەکان تەندروست نیە و بە پێی توێژینەوەکان لە 5% بۆ 10% ی ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن بۆ ماوەیە واتا لە باوانەوە بۆ وەچەکان دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەگەر خۆراک و کاڵای هەرێمی کوردستان لە سنورەکانەوە یان دەستەی خۆراک و دەرمان لە هەرێم کە ماوەی شەش ساڵە دامەزراوە کارا نەکرێت و پشکنینی پێویست بۆ خۆراک لە سنورەکانەوە نەکەن، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی کە لە سنورەکانن لە ئاستی خواستی پشکنینی خۆراک نەبن بە دڵنیایەوە لە ساڵانی داهاتوو تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم زۆر زیاتر دەبێت." دەنگی ئەمەریکا لەسەر ژمارەی تووشبوانی شیرپەنجە و هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ چارەسەرەکان و جۆری ئەو خۆراکە هاوردەکراوانە چیان کردووە، پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێم، ڕایگەیاند،"ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم لە خوار ستاندارتی جیهانییە کە بۆ هەر سەد هەزار کەس 151 کەس تووشبووە، کە لە جیهان بۆ سەد هەزار کەس 191 کەسە تووشی شێرپەنجە بووە." ڕۆژی 9ی مانگی یانزەی 2024، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی 18 پارێزگای عێراق هەولێر پلەی یەکەمە لە بەرزی ئاماری تووشوانی شێرپەنجە و دەڵێت، "لەسەر ئاستی پیاوان، هەولێر یەکەمە و لە هەر 100 هەزار پیاو 128.4یان تووشی شێرپەنجە بوون. لە ژنانیش هەولێر هەر لە پلەی یەکەم دێت و لە هەر 100 هەزار ژن 159.4یان تووشی شێرپەنجە بوون". دکتۆر یاد حەمید پزیشکی پسپۆری دەرمانساز لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دەتوانین بڵێن ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کوردستان زیادیکردووە کە ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەن لەوانە پیسبوونی ژینگە لەلایەن کارگەکان و زۆر ئۆتۆمبیل و هتد، هەروەها بابەتی جگەرە و نێرگەلە و ڤەیپ و خواردنەوە کحولیەکان، لەگەڵ ئەمانەشدا خۆراک." وتیشی،" پسپۆرانی خۆراک و ئەوانەی بە بەردەوام بە دواداچوون دەکەن بۆ ئاستی خۆراک، هەمیشە هۆشداری ئەوەیانداوە کە ئەو خۆراکانەی کە دێنە کوردستان پشکنینی پێویستیان بۆ ناکرێت لەڕووی کیمیاوی و بایەلۆجی و میکرۆبیەوە، تەنها زیاتر پشکنینەکانیان فیزیاییە کە ئەمەش لە ئاستی ستاندارتدا نیە و ئەو مادە پارێزەرانەی کە تێاندا دەکرێت و دەکرێتە ناو خۆراکەکانەوە بۆ ئەوەی تێکنەچن ڕێژەیەکی زۆر زۆریان تێدایە ئەوەش هۆکارە بۆ تووشبوونی کەسەکان بە شێرپەنجە." ئەو پسپۆری دەرمانسازە لە نەخۆشخانەی هیوا، باسی لەوەشکرد،" بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت بوترێت خواردنی خەڵکی ئێمە لە کوردستان لە ئێستادا، بە پێی جۆری خواردنەکان تەندروست نیە، بۆیە گرنگە و گەر حکومەت بە زووی نەیەتە سەر هێڵ و لایەنی پەیوەندار خەڵکی هۆشیار نەکەنەوە و ڕێگری نەکەن ئەوە لەچەند ساڵی تر ئاستی شێرپەنجە ئاستی ستاندارت تێدەپەرێنێت." یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە زیاتر هاوردەکردنە، هاردەکردنەکەش زیاتر خۆی لە کاڵا و خۆراک دەبینێتەوە، ئەو وڵاتانەشی کە بازرگانەکان زیاتر هاوردەی لێ دەکەن تورکیا بە پلەی یەکەم دێت و قەبارەی هاوردەکردنەکە نزیکەی 12 ملیار دۆلارە و ئێران 6 ملیار دۆلار و چین 5 ملیار دۆلار و چەند وڵاتێکی دیکە. بە گوتەی پسپۆرانی خۆراکی هەرێمی کوردستان زۆرینەی ئەو خۆراکانەی هاوردە دەکرێن و خەڵکی ڕۆژانە بەکاریان دەهێنن تا ئێستا لەڕووی ستاندارتەوە پشکنینیان بۆ ناکرێت و دەشڵێن،" تەنها کۆمەڵێک پشکنینی سەرەتایان بۆ دەکرێت وەک بەکتریای و لە ڕووی پلەی تریشتیتەوە پشکنینە سەرەکیەکان کە پێکهاتەی کیمیاوی خۆراکەکانە ناکرێت." ئەمەش بەمەترسی دەزانن لە زیادبوونی تووشبوانی شێرپەنجە لە هەرێم. لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک چاودێری بەردەوامی کوالێتی خواردن دەکات لە هەرێمی کوردستان و بەبەردەوامی لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە خەڵکی هۆشیار دەکاتەوە لە کوالێتی ئەو خواردنانەی کە خەڵکی دەیخۆن، ڕاشیگەیاند،" هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی پشتی بەستووە بەو خۆراکانەی کە هاوردە دەکرێن، چونکە لە ناوخۆ بڕی خۆراکی پێویست بەرهەم ناهێنرێت تاوەکو دانیشتوانی هەرێم بتوانن ئەو خۆراکانە بەکاربهێنن، بەداخەوە ئەو خۆراکانەش کە هاوردەکراون بەشێکی زۆریان لە ئاستی کوالێتیدا نین، بەتایبەتی ئەو پشکنینانەی کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان بۆ خۆراکە هاوردەکراوەکان بکرێت وەکو پێویست ناکرێن." وتیشی: یەکێکی تر لەو پێکهاتانەی کە لەخۆراکدا هەیە و بۆی زیاد دەکرێت و هۆکارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە درێژکردنەوەی تەمەنی خۆراکەکەیە کە ئەمەش لە هەرێم زۆر دەکرێت، یەک مادەی تر کە زۆر زۆر سەرەکیە بەداخەوە ئەو کاڵایانەی کە هاوردە دەکرێن تاوەکو ئێستا پشکنینی ڕەنگیان بۆ ناکرێت، ئەو ڕەنگانەی کە دەکرێتە خۆراکەکانەوە بەشێکی زۆری ڕەنگە دەستکردەکانن کە ڕەنگە دەستکردەکانیش بەدڵنیایەوە بە پێی توێژینەوەکان سەلمێنراوە ڕەنگە دەستکردەکان کە لە پیشەسازیدا دروست دەکرێن و لەناو جەستەدا کۆ دەبنەوە و کەڵەکە دەبن و هۆکارن بۆ نەخۆشی شیرپەنجە."