لە هەزارەیەمین ڕۆژی جەنگەکەدا، ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە موشەکی ATACMS ی ئەمەریکایی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا، ئەمەش دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن مۆڵەتیدا بە ئۆکرانیا تاوەکو چەکەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا بەکاربهێنێت. ڕووسیا وتی پێنج موشەکییان لە کۆی شەش موشەک خستووەتە خوارەوە، موشەکەکان لە بنکەیەکی سەربازییەوە لە هەرێمی بریانسکی ڕووسیاوە هەڵدراون. پاشماوەی یەکێک لە موشەکەکان لە دامەزراوەیەکی داوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەک، بەڵام ئاگرەکە بە خێرایی کوژێندراوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. ئۆکرانیا وتی کۆگایەکی چەکی ڕووسیای لە نزیکەی 117 کم لە ناو ڕووسیادا کردووەتە ئامانج، هێرشەکە بووەتە هۆی دروستبوونی تەقینەوەی لاوەکی. سوپای ئۆکرانیا بە ئاشکرا باسی لەوە نەکرد چی چەکێکی بەکارهێناوە، بەڵام سەرچاوەیەکی فەڕمی ئۆکرانیا و دواتر بەرپرسێکی ئەمەریکایی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئۆکرانیا موشەکی ATACMS ی بەکارهێناوە. لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن مۆڵەتیدا بە ئۆکرانیا تاوەکو موشەکی ATACMS بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا بەکاربهێنێت، موشەکەکە مەودا دوورترین موشەکە کە ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیای دابین کردبێت. مۆسکۆ باسی لەوە کردبوو کە بەکارهێنانی ئەو موشەکە ئەمەریکاییانە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕەکە کە واشنتن دەخاتە جەنگەوە لەگەڵ ڕووسیادا و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا تۆڵە بکاتەوە. هێرشەکە لە هەزارەیەمین ڕۆژی جەنگەکەدا ئەنجام درا، لە کاتێکیشدایە کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا هیلاک بوون و بە هێرشە ئاسمانییەکان گەمارۆ دراون و پێنج لەسەر یەکی خاکی ئۆکرانیا کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاوە و گومانیش هەیە لە داهاتووی پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا چونکە دانۆڵد ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی. شارەزایانی سەربازیی دەڵێن بەکارهێنانی موشەکەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر شوێنەکانی وەکو ناو جەرگەی ڕووسیا دەتوانن یارمەتی ئۆکرانیا بدەن بەرگری بکات لەو بەشەی خاکی ڕووسیا کە گرتوویەتی و وەکو کارتێکی فشار بەکاریبهێنێت، بەڵام پێناچێت کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە ئاڕاستەی جەنگە 33 مانگییەکەدا. مۆسکۆ وتوویەتی ئەو چەکانە ناتوانرێت بەکاربهێندرێن بەبێ سەرپەرشتییەکی کرداریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا، لەبەرئەوە بەکارهێنانی ئەو چەکانە وادەکات ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە جەنگەکەدا. ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سیاسەتێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ کرد کە وادیارە مەبەست لێی هۆشداریدان بووبێت بە ئەمەریکا. لە سیاسەتەکەدا ئەو پێوەرانە کەم کراونەتەوە کە پێویستە بۆ ڕووسیا تاوەکو چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت وەکو وەڵامێک بۆ هێرشێک کە مەترسی لەسەر سەروەریی خاکی ڕووسیا دروست بکات. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەی لە قەبارەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا گرتووە بۆ ئۆکرانیا و وتوویەتی بە خێرایی کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت، بەڵام نەیووتووە چۆن. هەردوولا پێشبینی ئەوە دەکەن ترامپ لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی ئاشتی بدات. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز