شەپۆلێکی نوێی سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر زیندانییە سیاسییەکاندا لە ئێران

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-19 19:20:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لە کاتێکدا کە لە سێدارەدانەکان لە ئێران لە زیادبووندان، هەفتەی ڕابردوو سزای مەرگ بەسەر لانیکەم هەشت خۆپیشاندەر و زیندانییان سیاسییدا سەپێندراوە، هاوکات سزای مەرگ بۆ چوار زیندانی سیاسیی بالوچ خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێکخراوەکە دەڵێت پێی وایە ئەم شەپۆلە نوێیەی سزاکانی مەرگ هۆشدارییەکن لەسەر جێبەجێکردنی لە سێدارەدانەکان بەپەلە بە ئامانجی خستنەوەی ترس لە کۆمەڵگەدا، هەروەها داوا لە خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە کاردانەوەی گونجاو ڕێگری بکەن لە سزای مەرگی دیکە و لە سێدارەدانەکان. ڕێکخراوەکە هۆشداریش دەدات لەسەر ئەوەی لە سێدارەدانی زیاتر ڕوودەدەن لە ژێر سێبەری لابردنی سەرنجی میدیاکاندا بۆ قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، وتیشی لەبەرئەوە گرنگە بۆ میدیا و خەڵکەکە بە تایبەتی سەرنجێکی نزیک بدەن لە پێشێلکارییەکان لە مافەکانی مرۆڤدا، بە تایبەتی سزای مەرگ. بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە مەحمود ئەمیری موقەدەم وتی " ئەو باجە سیاسییە کەمەی کە لە سێدارەدانی سەدان زیندانییانی ئاساییەوە هەبووە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، وایکردووە کە بەرپرسان لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران و زیندانییە سیاسییەکان زیاتر بکەن. کۆماری ئیسلامی کە بە هەستیارترین ماوەی فەرمانڕەواییدا دەڕوات، دەتوانێت تەنها بە پەنابردن بۆ سەرکوتکاری و لە سێدارەدان ڕزگاری ببێت. زیادکردنی باجە سیاسییەکە لە ڕێی خۆپیشاندان و کەمپینی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و وەڵامدانەوەیەکی بەهێزتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن ئامێری لە سێدارەدانی دەوڵەت ڕابگرن. لە پێناو ڕێگریکردن لە لە سێدارەدانێکی بەرفراواندا، دەبێت کاردانەوەیەکی گونجاو هەبێت بۆ هەر لە سێدارەدانێک." لە 13 ی مانگی یانزەدا شەش خۆپیشاندەری " ژن، ژیان، ئازادی " لەلایەن لقی 13 ی دادگای تاوانی تارانەوە سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنێکدا. دۆسییەکە بە ئیکباتان ناسراوە کە گەڕەکێکە لە تاران و کوشتنەکە لەوێ ڕوویداوە. میلاد ئارمون، عەلیڕەزا کافایی، ئەمیر محەمەد خۆشیقبال، نەڤید نەجاران، حوسەین نیعمەتی و عەلیڕەزا بارمازپورناک بە تۆمەتی بریندارکردنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی ئەرمان عەلیڤەردییەوە لە 26 ی مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا تۆمەتبار کراون، بریندارییەکە بووە هۆی مردنی. هاوکات زیندانی سیاسیی کورد ڤاریشە موڕادی لەلایەن لقی 15 ی دادگای پاسدارانی تارانەوە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە لەسەر تۆمەتی یاخیبوونی چەکداریی. دادگاییەکە لە 10 ی مانگی یانزەدا لەلایەن سەلاڤەتییەوە سەرپەشتیکرا کە بە " دادوەری مەرگ " ناسراوە. موڕادی لە 1 ی مانگی هەشتی ساڵی 2023 دا لە سنە دەستگیرکرا و دەستبەجێ ڕەوانەی زیندانی ئەڤین کرا کە هێشتا هەر لەوێ گیراوە. موڕادی لە ساڵی 2024 دا سێیەمین ژنە زیندانی سیاسییە کە سزای مەرگی بەسەردا بسەپێندرێت بە تۆمەتی یاخیبوونی چەکداری. لە مانگی حەوتدا شەریفە محەمەدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ڕەشتی پاسدارانەوە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا، پەخشان عەزیزیش لەلایەن لقی 26 ی دادگای پاسدارانی تارانەوە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا.