بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی، بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس کە لە قەتەر دەرکراون، چوونەتە نێو تورکیاوە. لە هەواڵەکاندا ئاماژە بەوە دەکرێت سەرکردەکانی حەماس بانگهێشتی تورکیا کراون و نووسینگەی سیاسی ئەو ڕێکخراوە گواستراوەتەوە. ئەم دەنگۆیانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و حەماسیشەوە ڕەتکراونەتەوە، بەڵام هێشتا هەندێک گومان و نیگەرانی لە تورکیا هەن لەسەر شیانی شتێکی لەم جۆرە. هەرچەندە دەسەڵاتداران ئەمە وەک درۆیەک نیشان دەدەن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە گومانەوە لەم پرسە دەڕوانێت. ئەو شارەزایانەی قسەیان لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کردووە، ئامانجی ئەم بانگەشانە وەک زیادکردنی فشاری سیاسی بۆ سەر تورکیا و حەماس نیشان دەدەن. عەبدوڵا ئار شارەزای سیاسەتی ئاسایشی ڕایدەگەیەنێت، بە دووری نازانێت حەماس لە وڵاتانی وەک قەتەر، ئێران، لوبنان، سوریا و تورکیا بوونی هەبێت بەڵام ئەو پەیوەندییە پەیوەندی سیاسییە نەک سەربازی. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پەیوەندی تورکیا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە ڕووی سیاسییەوە جێگیر بووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ لایەنی سەربازی نییە، ئەم پەیوەندییەی تورکیا بە پشتیوانی ئێران پەرەی سەندووە. دامەزراندنی حەماس لە تورکیا لە بەرنامەی کاردا نییە." ئار، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکاش قسەی کرد و گوتی هەردوو دەوڵەت لە ناو سیاسەتێکی هاوسەنگدان "ئانکەرە بە چاودێریکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا سیاسەتی هاوسەنگی دەپارێزێت. بەڵام ئایا لە داهاتوودا لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دیمەنێکی نوێ لەسەر ئەم بابەتە سەرهەڵدەدات یان نا؟ ئەوەنازانین، بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەک بۆ ئەمە نییە." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماثیو میلەر، لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ ئەو پرسە، تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی تورکیا سەبارەت بە حەماس. ئەو گوتی "بە ڕوونی بە حکومەتی تورکیا دەڵێین کە شتەکان ناتوانن وەک جاران بەردەوام بن سەبارەت بە حەماس. ئێمە پێمان وایە سەرکردەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نابێت بتوانن لە هیچ شوێنێک بە ئاسوودەیی بژین، بە شارێکی گەورەی هاوپەیمانە گرنگەکانمانیشەوە." هەروەها حەمید یگیت شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە حەماس بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەبێ ڕەزامەندی ئەمەریکا مەحاڵە ئەنجام بدرێت. ئەو گوتی "پێناچێت تورکیا لەم بابەتەدا سەربەخۆ مامەڵە بکات. ئەگەر ئەمەریکا قبوڵ نەکات، تورکیا ناتوانێت ئۆفیسی سیاسی حەماس پەسەند بکات. چونکە تورکیا هاوپەیمانێکی ناتۆیە و هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە. دەبینرێت کە بەپێی پێوەرەکانی ئەمەریکا کاردەکات. ئەم سیاسەتەی تورکیا بەرامبەر بە حەماس ئەوە نیشان دەدات کە هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئەو ڕێکخراوە لە لایەک و ئەمەریکا لە لایەکی ترەوە دروست بکات. ئەگەر حەماس لە قەتەر دەربکرێت، ناونیشانەکە ئێران دەبێت." شایانی باسە بەرپرسانی قەتەر ڕایانگەیاند کە نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەو وڵاتە بە شێوەیەکی هەمیشەیی دانەخراوە، بەڵام گوتیان سەرکردەکانی حەماسی کە دانوستانیان بۆ ئاگربەست کردبوو، ئیتر لە دۆحە نین.