سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمر پوتن ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیعاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆیان لە بارەی رێککەوتنی نەوتی OPEC+ و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردووکیان تاوتوێی گرنگی هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و OPEC+ یان کردووە بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت لە پێناو دەستەبەرکردنی نرخێکی دادپەروەرانە بۆ هەناردەکاران و بەکارهێنەران. OPEC+ ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتی رووسیا لەخۆ دەگرێت. ئەندامانی ئێستای ئۆپێک بریتین لە: عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات (میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب)، کوەیت، عێراق، ئێران، جەزائیر، لیبیا، نایجیریا، کۆنگۆ، گینێی ئیستوایی و گابۆن و ڤەنزوێلا. وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک لە هاوپەیمانی جیهانی ئۆپێک + کە لەلایەن رووسیاوە نوێنەرایەتی دەکرێن بریتین لە، ئازەربایجان، کازاخستان، بەحرەین، سودان، مالیزیا. سەرچاوە: ڕۆیتەرز