کۆڵبەڕیکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ئەحمەد ڕەزایی لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی سنووریی نەوسوود بەهۆی تەقینەوەی مین قاچێکی لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆڵبەرەکە لە سنووری نەوسوود بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە قاچێکی بڕاوەتەوە. ئەحمەد ڕەزایی باوکی سێ منداڵە و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی و بڕینەوەی قاچی ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی تەقینەوەی مین و سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە ئەندامێکی جەستەیان لە دەستدەدەن یانیش گیان لەدەستدەدەن. بە پێی ئاماژرەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی یەکەم شەش مانگی ساڵی 2024دا 142 کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنوور و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سنە و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئاسایشییەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران، تەقینەوەی مین و ڕووداوەکانی ترەوە کوژراون یان بریندار بوون. لەم ژمارەیەشدا نزیکەی 10 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی تێدایە.