چاودێران: هێرشەکانی سەر ئیسرائیل نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیاکانی ئاڵۆزکردووە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-21 23:20:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەردەوامی هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر ئیسرائیل تەنها ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهێزتر نەکردووە، بەڵکو کێشمەکێشی نێوان حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی و ئەو میلیشیایانەی بردووەتە قۆناغی پێشکەوتوو ترەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی میلیشیا شیعەکان لەناو عێراقەوە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل و عێراق لەو جەنگە تێوەنەگلێنن کە لەناوچەکە دروستبووە، لەکاتێکدا میلیشیا شیعەکان گوێڕایەڵی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران نابن و بەردەوامن لە جم و جۆڵەکانیان. بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سیاسەتی ئیسرائیل بریتییە لە نینۆککردنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانێت میلیشیا شیعەکانی عێراق ڕابگرێت، بۆیە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر میلیشیا شیعەکانی عێراق ئەگەرێکی بەهێزە." دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی کردو فەرمانی پێکردن بە ڕێگەگرتن و ڕاوەدوونانی هەر چالاکییەکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت. ڕۆژی 20 ی مانگی 11 ی 2024، عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق سەردانی هێزە سەربازییەکانی سوپای لە پشتێنەی سنوری قائیمەوە بۆ شەنگال کرد. بەپێی وتەی سەرچاوە عێراقییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق کوتلە سیاسییەکانی لە مەترسیداری دۆخەکەو ئەگەری هێرشکردنە سەر عێراق ئاگادار کردووەتەوە، گەر گروپە چەکدارەکان بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل لەناو خاکی عێراقەوە. بەرپرسێکی باڵای لایەنە شیعەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەموو هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی عێراقە لەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام گروپەکانی بەرەی موقاوەمە پابەند نابن، ئەمەش حکومەتی توشی گرفتی گەورە کردووە." پابەند نەبوونی میلیشیا شیعەکان بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لەکاتێکدایە، بەپێی یاسا ئەوان بەشێکن لە سیستەمی سەربازی عێراق و سەرجەم پێداویستییەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابین دەکرێت. بەدوور نازانرێت ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکان لەسەر ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەناو خاکی عێراقەوە سەربکێشێت بۆ ئاڵۆزبوونی نێوانیان، بەو پێیەی حکومەتی عێراق ڕێنمایی بۆ ڕێگەلێگرتنیان دەرکردووەو ئەوانیش لەسەر چالاکییە سەربازییەکانیان ڕژدن. بورهان محەمەد فەرەج دەڵێت،"عێراق دەوڵەتێکی بەهێزی خاوەن سەروەری نییە، دۆخی ئێستای ئەمنی عێراق لێکەوتەی دۆخە سیاسییەکەیە، دۆخی ئێستای ئەمنی دۆخی وڵاتێکی خاوەن شکۆو خاوەن سەروەری نییە، بەڵکو دەستی وڵاتان واڵایە لە عێراق داو سەرۆکوەزیران ناتوانێت میلیشیا شیعەکان کۆنترۆڵ بکات." ئەو وتیشی،"سەرۆکوەزیران سوپاو هێزە ئەمنییەکانی لایە، بەڵام میلیشیاکان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودا نین. سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسێکی میانڕەوەو دەیەوێت سەروەری عێراق بپارێزێت و یاسا جێبەجێ بکات، بەڵام پێناچێت دۆخەکە بە سەرۆکوەزیران کۆنترۆڵ بکرێت و ڕەنگە گرژییەکان تەشەنە بکەن." ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێرشی میلیشیاکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، گومانی ئەوەی لای بەرپرسانی باڵای عێراق دروستکردووە ئاگادارکردنەوەکان زەمینە سازی و ئامادەکاری ئیسرائیل بن بۆ هێرشکردنە سەر میلیشیاکان لە ناو خاکی عێراق. لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی پێیوایە، هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی زیانبەخش نین، بەڵکو هێرشی بێزارکەرن و ئیسرائیل وایدەبینێت کە دەبێت ئەو هێرشکارانە سزا بدرێن. دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی عێراق ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بەدوور نازانێت، بۆیە دەیەوێت جیاکاری بکات لەنێوان ئەو هێزانەی هێرش ئەنجام دەدەن و ئەوانەی نزیکن لە حکومەتەوە." هەروەها وتیشی،"ئەو میلیشیایانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن چەند گروپێکن و ئێستا هێرشەکانیان بە زۆری لە خاکی سوریاوە ئەنجام دەدەن." هۆکاری دواکەوتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر میلیشیا شیعەکانی عێراق بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە، ئەمەریکا ڕێگەی لە هێرشەکان گرتووەو هەوڵیداوە لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە میلیشیا شیعەکان ڕابگرێت لەو هێرشانەی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن.