زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵ لە سودانی باشوور لە ژێر مەترسی بەدخۆراکیدان

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-22 20:15:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵ و یەک ملیۆن ژنی دووگیان و دایکی شیردەر لە سودانی باشوور ڕووبەڕووی بەدخۆراکییەکی توند بوونەتەوە. کەمی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و خاوێنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەردەوام قەیرانەکەیان خراپتر کردووە. ڕاپۆرتێکی نوێی پۆڵێنکردنی قۆناغی ئاسایشی خۆراک دەریدەخات کە نزیکەی 8 ملیۆن لە 12 ملیۆن دانیشتووەکەی سودانی باشوور لە ساڵی 2025 دا ڕووبەڕووی نەبوونییەکی توندی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە. یونیسێف دەڵێت وڵاتەکە هێشتا بە دەست دەیان ساڵ جەنگ و توندوتیژییەوە دەناڵێنێت، جیهانیش پێویستە پێکەوە کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵ و زیاتر لە یەک ملیۆن ژنی دووگیان و دایکانی شیردەر لە بەدخۆراکی. نوێنەری یونیسێف لە سودانی باشوور حەمیدە لاسێکۆ وتی " ژمارەی ئەو منداڵ و دووگیان و ژنانی شیردەرانەی کە پێویستییان بە یارمەتی هەیە لە ڕاستیدا وەکو چۆن پێشبینی دەکرا لە زیادبووندایە. ئەمە هۆکارەکەی تەنها دۆخی ئێستا نیە بەڵکو بەردەوامبوونی کێشەی بەدخۆراکییە کە ڕووبەڕووی چەندین وڵات بووەتەوە." هۆکارێکی دیکەش گەڕانەوەی 800,000 پەنابەر و ڕەوانەکراوەیە کە لە دەست جەنگەکەی ناو سودانی دراوسێ هەڵدێن بۆ سودانی باشوور، ئەوەش قورسایی زیاتری خستووەتە سەر ئاسایشی خۆراک لەو وڵاتەدا و سەرچاوەیەکی زۆری بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. لە بۆر کە 70 کم لە باکووری جوباوە دوورە، ئادوور ڕیاک کە دووگیانە و پێنج منداڵی هەیە، گەڕاوەتەوە بۆ سودانی باشوور تاوەکو دووبارە ژیانێک بۆ خۆی دروست بکاتەوە. وتی کاتێک لە ململانێکەی ساڵی 2013 دا وڵاتەکەی جێهێشتووە، منداڵەکانی بەدخۆراک بوون. ڕیاک هیوادارە منداڵەکەی ناو سکی داهاتوویەکی تەندروستتری هەبێت. وتیشی بە یارمەتی پڕۆژەی مافی گەشەکردن، منداڵەکانی چیتر بەدخۆراک نین. بەڵام بۆ دایکێکی دیکە، ئانیث دێنگ، نەبوونی ئاسایش و لافاوەکان وایان کردووە هەموو ڕۆژێک خەبات بکات بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە. لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و نەبوونی ئاسایش هەموو شتێکی لێسەندووە، تەنانەت ئاژەڵەکانیشی. کاتێکیش دەچێت بۆ جووتیاریکردن، نەبوونی ئاسایش لە هەموو لایەکەوەیە، دەڵێت خۆی و ئەوانی دیکەش پێشتر جووتیارییان کردووە بۆ دەستکەوتنی خۆراک، بەڵام ئێستا ئەوە ناکرێت. ڕێکخراوی مناڵپارێز ناوەند دروست دەکات بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵانی بەدخۆراک. بەڵام یونیسێف دەڵێت کاری زیاتر پێویستە بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی بەدخۆراکی. لاسێکۆ وتی " تاوەکو ساڵی 2025، زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵ ڕووبەڕووی بەدخۆراکییەکی توند دەبنەوە، مەترسی گیان لە دەستدانیش زۆر دەبێت، ئەمەش لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر خزمەتگوزارییە گرنگەکان دابین نەکرێن. 14 ملیۆنی دیکە ڕووبەڕووی بەدخۆراکییەکی مامناوەند دەبنەوە." قەیرانی بەدخۆراکی لە سودانی باشوور بەهۆی چەندین هۆکارەوەیە، لەوانەش، هەژاریی، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و نەبوونی خاوێنی. نەخۆشییەکانی وەکو کۆلێراش دۆخەکەیان خراپتر کردووە. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هۆکارە سەرەکییانەدا زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە بەدخۆراکی و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا