لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بنکەی هێزی کاتی UN لە لوبنان 4 سەربازی ئیتاڵی بریندار بوون

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-22 20:15:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

حکومەتی ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند چوار سەربازیی ئیتاڵیا بە سوکی بریندار بوون دوای ئەوەی دوو مووشەک لە بنکەیەکی هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان تەقیونەتەوە. هێزە کاتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە UNIFIL ناسراوە لە باشووری لوبنان جێگیرکراوە بە مەبەستی چاودێریکردنی دوژمنکارییەکان بە درێژایی سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیل، ناوچەیەک کە لەم مانگەدا شەڕێکی سەختی نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و گروپی چەکداریی حزبوڵای تێدا بووە. لە دوای ئەوەی لە مانگی نۆوە ئیسڕائیل هێرشێکی زەمینی لە سەرانسەری سنوورەکە دژی چەکدارانی حزبوڵا دەستپێکردووە، سەربازانی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە. سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی لە بەیاننامەیەکدا وتی " جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم هێرشانە جێی قبووڵکردن نین و دووبارە داوا لە سەرجەم لایەنەکانی ئەوێ دەکەمەوە هەمیشە دڵنیا ببنەوە لە پارێزراویی سەربازانی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە خێرایی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بزانن کێ بەرپرس بووە." سەرچاوە ئیتاڵییەکان وتییان لێکۆڵینەوەیەک دەستیپێکردووە سەبارەت بە ڕاستی ڕووداوەکە. وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی بە میدیای ئیتاڵیای وت کە لەوانەیە حزبوڵا بەرپرس بووبێت لەو هێرشە. وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا وتی دوو ڕۆکێتی 122 ملم لە ژێرزەمینێکییان داوە لە بنکەکەدا کە دەکەوێتە گوندی کاماوە و لە ژوورێکیشیان داوە کە نزیکە لە بارەگای پۆلیسی سەربازیی نێودەوڵەتییەوە و زیانییان بە ژێرخانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە گەیاندووە. وتیشی هەندێک لە پەنجەرەکان شکاون و ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی چوار سەرباز. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گوێدۆ کرۆزێتۆ وتی " ئەوە جێی قبووڵکردن نیە کە جارێکی دیکە بنکەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لێیدراوەتەوە." ئیتاڵیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سەربازیی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییە دابین کردووە، لە 10,000 سەربازی نێودەوڵەتی زیاتر لە 1000 سەربازی دابین کردووە. جێی ئاماژەیە ئیسڕائیلیش تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەندێک لەو هێرشانەی کە بنکەکەی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنە ئامانج، بەڵام هەمیشە ڕەتی کردووەتەوە و وتوویەتی بە مەبەست نەبوون. هەروەها بە هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی وتووە کە لە پێناو پارێزراویی خۆیاندا باشووری لوبنان چۆڵ بکەن، هێزەکەش ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز