ترامپ دکتۆر ئاز دەستنیشان دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی حکومەت لە ئەمەریکا

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-22 21:20:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

مەمەت ئاز، نەشتەرگەری بە ناوبانگی دڵ و پێشکەشکاری تەلەفیزیۆنی کە زیاتر بە پڕۆگرامی " The Dr. Oz Show " ناسراوە، لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە دەستنیشانکراوە وەکو بەڕێوبەری ناوەندەکانی خزمەتگوزاری پێدانی بیمەی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان و بیمەی تەندروستی بۆ پێگەیشتووان و منداڵان. ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە دەستنیشانکردنەکەی پەسەند بکرێت، ئەوا دکتۆر ئاز سەرپەرشتی بەرنامە هەرە گرنگەکانی بیمەی تەندروستی دەکات لە ئەمەریکادا، کە بیمەی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان و ئەو ئەمەریکاییانە دابین دەکات کە داهاتییان کەمە. ئاز لە ساڵی 1960 دا لە کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ لە دایک بووە و کوڕی دکتۆر موستەفا ئازی نەشتەرگەری دڵ و خوێنبەرەکان و سونا ئۆزە کە هەردووکییان دوو کۆچبەری تورکیایین. ئاز لە ویلمینگتنی ویلایەتی دیلاوێر گەورە بووە و لە ساڵی 1982 دا لە زانکۆی هارڤارد دەرچووە و بڕوانامەی زیندەزانی بە دەستهێناوە، دواتریش لە ساڵی 1986 دا بڕوانامەی تەندروستی هاوبەش و ماستەری لە کارگێڕی کاردا هێناوە لە بەشەکانی تەندروستی و بەشی پێن وارتن لە زانکۆی پێنسلڤەینیا. ئاز وەکو نەشتەرگەرێکی دیاری دڵ لە شاری نیویۆرک سیتی کاریکردووە، لەوێ ئامێرە تەندروستیییەکانی بووژاندووەتەوە و کۆمەڵێک کتێبی نوسیوە کە باشترین فرۆشییان هەبووە و بۆ چەندین زمان وەرگێردراون، بە زمانی تورکیشەوە. دەرکەوتنی لە تەلەفیزیۆندا سەرەتا لەو کاتەدا بوو کە وەکو میوان دەرکەوت لە پڕۆگرامی ئۆپرا وینفریدا، لە ساڵی 2009 دا پڕۆگرامی " The Dr. Oz Show " ی دەستپێکرد کە 13 وەرز بەردەوام بوو، مامەڵەی لەگەڵ بابەتەکانی تەندروستی و باشیدا دەکرد، هەروەها نۆ خەڵاتی ئێمیشی وەرگرتووە. ترامپ لە بەیاننامەکەیدا وتی " ئاز ملیۆنان ئەمەریکایی فێر کردووە چۆن شێوە ژیانێکی تەندروستتر هەڵبژێرن." لە بەیاننامەیەکدا بۆ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە ساڵی 2022 دا، ئاز وتی لە ساڵی 2004 یاخود 2005 دا بووە کە سەرەتا چاوی بە ترامپ کەوتووە کاتێک داوای مۆڵەتی لە ترامپ کردووە بۆ بەکارهێنانی یاریگای گۆڵفەکەی تاوەکو بۆنەیەک بۆ کارێکی خێرخوازیی منداڵەکانی ڕێکبخات. سەرەڕای ئەوەی دواتر ترامپ و ئاز یەکترییان بینیوە، بەڵام دیارترین دەرکەوتنییان پێکەوە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 دا بوو کاتێک ترامپ ئەو کاتە کاندید بوو و ئاز لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکەیدا چاوپێککەوتنی لەگەڵدا کرد، لەو بەرنامەیەدا ترامپ تۆماری تەندروستی جۆی ئاشکرا کرد. لە ساڵی 2018 دا لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ ئازی وەکو ڕاوێژکاری سەرۆک بۆ وەرزش و لەشجوانی و خۆراک دەستنیشانکرد. لە کاتێکدا کە ستایش کراوە لەسەر توانای بۆ باسکردنی پرسە ئاڵۆزە تەندروستییەکان، ئاز ڕووبەڕووی ڕەخنەش بووەتەوە لەسەر هاندان بۆ بەرهەمە نەسەلمێندراوە تەندروستییەکان و پشتگیریکردن لە بەرهەمە بازرگانییەکان. لە ساڵی 2014 دا ئەو کێشەیە گەیشتە لوتکەکەی، کاتێک داوای لێکرا لەبەردەم لیژنەیەکی ئەنجومەنی سیناتدا گەواهی بدات سەبارەت بە هاندانی بۆ بەرهەمێکی کێش دابەزاندن کە لە ڕووی زانستییەوە پشتگیری لێنەکراو بووە. لە کاتێکدا کە ئۆز تاوانبار نەکرا لە دۆسییەی ساختەکاریدا لە دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشدا، لێدوانەکانی لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکاندا لە هەڵمەتەکانی بە بازاڕیکردنی بەرهەمەکانی دابەزاندنی کێشدا بەکارهێندراون و ئەو بەرهەمانە لە ڕێی ئۆنلاینەوە لە چەندین وڵات فرۆشراون. لە کۆتایی ساڵی 2021 دا ئاز هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە چونکە پێی وابوو کە " ئەمەریکا شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا." وەکو کۆمارییەک خۆی هەڵبژاردن بۆ کورسییەکی ئەنجومەنی سینات لە ویلایەتی پێنسلڤەینیا. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن ترامپەوە پشتگیری لێکرا، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی کەوتە ژێر وردبینییەوە بەهۆی ئەوەی کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی – تورکیاییە. ڕکابەرەکانی، بە سەرۆک جۆو بایدنیشەوە، ڕەخنەیان لە ئاز گرت لەسەر ئەوەی خۆی هەڵبژاردووە بۆ کورسییەکی ئەنجومەنی سینات لە پێنسلڤەینیا لە کاتێکدا کە ماڵەکەی خۆی لە نیوجێرزییە. ڕکابەرەکانی ڕەخنەیان لە ئاز گرتووە لەسەر ئەوەی وەفای نەبووە بۆ ئەمەریکا، ئەوەش دوای ئەوەی وێنەیەکی بڵاوبووەوە لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ی سەرۆکایەتی تورکیادا دەنگ دەدات و وێنەکەشی لە هەژماری فەڕمی کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە نیویۆرک بڵاوکرایەوە. ئاز زۆر جار وتوویەتی کە ڕەگەزنامە تورکیایی و ئەمەریکاییەکەی پاراستووە لەبەرئەوەی بتوانێت گرنگی بە دایکی بدات، کە لە تورکیا دەژی و نەخۆشی ئالزهایمەری لەگەڵدایە. لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا ئاز لە سوپای تورکیادا خزمەتی کردووە بۆ ئەوەی ڕەگەزنامە تورکیاییەکەی بە دەست بهێنێتەوە. شەست ڕۆژ لە مەشق پێویستە بۆ ئەو هاووڵاتییە تورکیاییانەی کە لە وڵاتانی دەرەوە دەژین. لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2022 دا خۆی بۆ ئەنجومەنی سینات هەڵبژارد، ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرا و وتی ئەگەر هەڵبژێردرێت ئەوا دەستبەرداری ڕەگەزنامە تورکیاییەکەی دەبێت. بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا بەرامبەر جۆن فیتەرمان شکستی هێنا. سەرەڕای ئەوەی دوای ئەو شکستەی کەمتر دەردەکەوت، دەستنیشانکردنی ئاز بۆ بەڕێوبەرایەتیکردنی دەزگای خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی ئەمەریکا دەبێتە هۆی دووبارە دەرکەوتنەوەی لە وڵاتەکەدا. ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا ئاز سەرپەرشتی بودجەیەکی 1.1 تریلیۆن دۆلاری و ئەو پڕۆگرامانە دەکات کە بیمەی تەندروستی دەدەن بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەمەریکا. لە کاتێکدا کە ئەنجومەنی سینات بیر لە پەسەندکردنی دەکاتەوە، ئاز ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەک بووەتەوە بۆ گۆڕینی کەسایەتی خۆی لە کەسایەتییەکی میدیاییەوە بۆ بەڕێوبەرێکی فیدڕاڵ، ڕۆڵێکی زۆر هەستیار وەردەگرێت لە پێکهێنانی داهاتووی بیمەی تەندروستی ئەمەریکادا. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا