هەولێر-KDP.info- بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەكی یاسایی دروست كراوە و ئەمڕۆ دەست بە ئەنجامدانی رێكاری پێویست دەكات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان لە بازرگانان لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆیە ئەو كارە لە چوارچێوەی یاسادا دەكرێت و هیچ رێگرییەكیش نییە بۆ ئەوەی ئەو قەرزانە وەربگیرێنەوە.
د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە یاسای ژمارە دووی چاكسازی ماددەی 13ـدا هاتووە، كە پێویستە ئەو بازرگانانەی قەرزیان لەسەرە، بیگەڕێننەوە و لە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە و پێویستە وەزارەتی دارایی رێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان لە بازرگانان و پێداچوونەوە بەو موڵكانەدا بكرێت كە گەرەنتی كراون بۆ دانەوەی قەرزەكان، كە ئەو كارەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت".
خەسرۆ گوتیشی: "وەزارەتی دارایی و وەزارەتی داد و دەستەی وەبەرهێنان هاوكار دەبن و لە 10ی مانگ، واتا ئەمڕۆ، دەست بەوەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان دەكرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لیژنەیەكی یاسایی پێكهاتووە، كە دەستی بە كاری خۆی كردووە و ئەمڕۆش ئەو لیژنەیە دەست بە رێكارەكان دەكات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان لە ماوەیەكی دیاریكراودا و هیچ رێگرییەكیش نییە بۆ ئەوەی ئەو قەرزانە وەربگیرێنەوە".
بە گوتەی گوتەبێژی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، یاسین مەحموود، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد، حكوومەت نزیكەی 750ملیۆن دۆلاری لای بازرگانانە و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری داوە ئەو قەرزەی لای بازرگانانە، لێیان وەربگیرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم