ئایدن مەعرووف بۆ KDP: كوردستان سوورە ئەو پێكەوەژیانە بەردەوام دەبێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەت بە پێكهاتەكان دەدرێت و هەرێمی كوردستانیش شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە، كە جیهان شانازی بەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و بەشداربوونی پێكهاتەكانیش لە حكوومەت و پەرلەماندا، پشتیوانییە بۆ پێكهاتەكان و بۆ دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو پێكەوەژیانە گرنگیی زۆری بۆ ئێمە هەیە و جیگای شانازیی هەموو خەڵكی كوردستانە".

مەعرووف گوتیشی: "كاتێك سەردانی وڵاتانی جیهانمان كرد، زۆر ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستانیان كرد، كە هەرێمی کوردستان شوێنی ئاشتی و پێكەوەژیانە و شانازی بەو پێكەوەژیانەوە دەكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "هیچ فشارێك لەسەر پێكهاتەكان نییە و رای تایبەتی خۆیان لە هەموو پرسێكدا هەیە، هەروەها لە هەموو پرسەكانیش چ پەیوەندی بە هەرێمەوە هەبێت یاخود دەرەوە، پرس بەپێكهاتەكان دەكرێت و رای ئەوانیش بە گرنگ وەردەگیرێت".

دەشڵێ: "ئەوانەی باس لە كەمبوونەوەی كورسییەكانی كۆتا دەكەن، ئەمە واتا پاشەكشەیە لە دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، گرنگیدان و رێزگرتنە لە پێكهاتەكان، هەرێمی كوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی كە لەسەر ئەو پێكەوەژیانە بەردەوام دەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم