پێشبینکارانی کەش و هەوا لە سەرانسەری ئەمەریکادا هۆشدارییان بڵاوکردەوە لەسەر خولێکی دیکەی کەش و هەوای زستانە کە ڕەنگە گەشتکردن پێش جەژنی سوپاسگوزاری ئاڵۆز بکات، لە کاتێکدا کە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و واشنتن هێشتا باش نەبوونەتەوە لەو زیانەی کە زریانەکانی پێشوو بە ویلایەتەکانییانی گەیاندووە. لە کالیفۆرنیا کەسێک لە ناو ئوتومبێلەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە ئوتومبێلەکەی سەر ئاوی لافاو کەوتبوو، بەرپرسان خۆیان ئامادە کردووە بۆ باران بارینی زیاتر لە کاتێکدا کە کۆشش دەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ لافاو و هەرەسهێنانی زەوییەکاندا بەهۆی زریانەکەی پێشووترەوە. هەزاران کەس لە پاسێفیکی باکووری ڕۆژئاوا هێشتا کارەبایان نیە دوای چەندین ڕۆژ لە پچڕانی هێڵەکانی کارەبا بەهۆی زریانەوە. ئۆفیسی دەزگای کەش و هەوای نیشتیمانی لە ساکرامێنتۆی کالیفۆرنیا هۆشدارییەکی لەسەر زریانی زستانە بڵاوکردەوە بۆ سییەرا نیڤادای ویلایەتەکە، هۆشدارییەکە لە ڕۆژی شەممەوەیە بۆ ڕۆژی سێشەممە، هەروەها پێشبینی بارینی بەفرێکی زۆریش دەکرێت و بایەکیشی لەگەڵدا دەبێت بە خێرایی 88 کم لە کاتژمێرێکدا. پێشبینی دەکرێت 1.2 مەتر بەفر ببارێت. ناوچەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاست و گرەیت لەیکس ڕۆژی دووشەممە باران بارین بە خۆیانەوە دەبینن و لە بلاک فڕایدەی و جەژنی سوپاسگوزاریدا کاریگەرییەکی زۆری باران بارینەکە لەسەر ئیست کۆست دەبێت. پێشتر لەم هەفتەیەدا دوو کەس گیانییان لە دەستدا کاتێک زریانەکە گەیشتە پاسێفیکی باکووری ڕۆژئاوا. سەدان کەس کارەبایان نەما کە زۆربەیان لە ناوچەی سیاتڵدا بوون، دواتر بایەکی بەهێز لە باکووری کالیفۆرنیا هەڵیکرد. بەهۆی با بەهێزەکەوە چەندین خانوو و ماڵ لە وێست کۆست زیانییان پێگەیشتووە. تیمەکانی فریاکەوتن لە گوێرنییڤڵی کالیفۆرنیا کەسێکییان بە مردوویی لە ناو ئوتومبێلێکدا دەرهێنا دوای ئەوەی ئوتومبێلەکە سەر ئاو کەوتبوو. جێگری سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی سۆنۆما ڕۆب دیلیۆن وتی مردووەکە ڕەنگە قوربانی زریانەکە بووبێت بەڵام هێشتا توێکاری بۆ لاشەکەی نەکراوە. نزیکەی 80,000 کەس لە ناوچەی سیاتڵ بەبێ کارەبا ماونەتەوە، زریانێکی دیکە بووە هۆی باران بارین لە نیویۆرک و نیوجێرزی، کە لەوێ ئاگری کێویی لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هەڵگیرسابوون، هەروەها بەفرێکی زۆریش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پێنسلڤەینیا باریوە. باران بارینەکە پێشبینی دەکرێت وشکەساڵییەکە کەم بکاتەوە کە بەهۆی پایزە وشکەکەوە دروست بووە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا