بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە جدی کار لەسەر سزادانی ئەو کەسانە دەکرێت کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن لە کۆمەڵگادا و بۆ ئەمەش چەندین ڕێکاری جۆراو جۆر دەگرنە بەر. وتیشی، سزای توندوتیژی، لە مانگێک زیندانی کردنەوە دەستپێدەکات تا لەسێدارەدان و زیندانی هەتایی. سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە 8ی ساڵ 2011، چەندین جۆر سزا هەیە بۆ کەسانی سەرپێچیکار کە تووندووتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدەن، تەنانەت قسە پێ وتن یان هەڕەشەکردنیش سزای هەیە تا دەگات بە کوشتن بۆ هەموو ئەمانەش سزاکانیان لە زیندانیکردنی مانگێک تا سزای لە سێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی دیاری کراوە." وتیشی،" هەموو ئەوانەی سکاڵا تۆمار دەکەن بە فەرمی تەواوی ڕێکارەکانین بۆ ئەنجام دەدەرێت بۆ سزادانی ئەو کەسەی توندوتیژی بەکار دەهێنێت بەرامبەر ژنان." سەرەڕای جەخت کردنەوەی بەڕێوەبەری توندوتیژی لە جێبەجێکردنی سزاکان، بەڵام دەڵێت، هەوڵی ئاشتەواییش لە نێوان خێزانەکان دەدەن بەر لەوەی بگاتە سزا. سەرکەوت عومەر دەڵێت،" بەشێک لە کێشەکان هەوڵ دەدرێت بە شێوەی ئاشتەوایی چارەسەربکریت، بەڵام کە بەو شێوەیە نەتوانرا لە ڕێگەی دادگاوە بڕیار بەرامبەر تۆمەتبار دەدرێت و سزا دەدرێت." هەرچەندە تا ئێستا ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی بۆ ساڵی 2024 بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە ژمارەی سکاڵاکان بەرامبەر توندوتیژی ژنان ڕوو لە زیاد بوونە و بەرپرسانیش هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە. وێرای زیادبوونی ژمارەی سکاڵا لە دژی ئەنجامدەرانی توندوتیژی، بەڵام ژن کوشتن کەمتر بۆتەوە لە هەرێمدا بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو. سەرکەوت عومەر دەڵێت،" بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستە کوشتن کەمتر بۆتەوە لە ساڵانی ڕابردوو، کە چەند هۆیەکی هەیە، یەکەم کۆمەڵگە ساڵ بەساڵ هۆشیار تر دەبێتەوە لەوەی پەنا بەرێتە بەر کوشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، لەگەڵ هەموو کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و بێکاری، بەڵام کۆمەڵگا قۆناغ بە قۆناغ بەرەو هۆشیار بوونەوە دەڕوات کە ئەمەش هەر لە خۆیەوە نەهاتۆتە بوون، پەیوەندی بەو کارانەوە هەیە کە ئەنجامی دەدین وەک کەمپەینی هۆشیاری و سزادانی سەرپێچیکاران. " بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ساڵی 2023 دا 3418 سکاڵا لە دژی توندوتیژی خێزانی و 2 سکاڵا بەهۆی تووندووتیژی سێکسی تۆمار کراون، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2022 دا 5411 سکاڵا بووە. هاوکات ئەمڕۆ 25ی مانگی 11 ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت، لێبوردنی گشتیی بیانگرێتەوە، بۆ ئەم بوارەش هەوڵی ڕژد دراوە و هەموو یەکەکانی پۆلیسیش ڕاسپێردراون، کە نابێت هیچ دەرفەتێک لەدەست بدەن بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگا و وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان." ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 25 نۆڤەمبەردا هەڵمەتی جیهانی 16 ڕۆژەی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕادەگەیەنێت، کە ئەمساڵ دروشمەکە خۆی لە "تووندووتیژی بێ پاساوە" خۆی دەبینێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی ئەو 16 ڕۆژەدا ڕێکخراوەکان و ژنانی سیاسی و چالاکوان چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن کە بەشێکی زۆریان خۆیان لە هۆشیاری کۆمەڵگادا دەبیننەوە. سزای توندوتیژیکاران لە سزای لە سێدارەدان و حوکمی ئەبەدی دەست پێدەکات تا کەمترین سزا کە لە مانگێک بۆ سێ مانگ دەڕوات ئەو ڕێکارانەی دەگیریتە بەر بەرامبەر ئەوکەسانەی توندوتیژی لە ناو خێزاندا ئەنجام دەدەن بریتیە لە یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠١١ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەڕێگەی دادوەرەوە بڕاری لێدەدرێت بۆ سزادانی و ئێمەش جێ بە جێی دەکەین تۆمارکردنی سکاڵا ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبیت کە بەشێکی پەۆەیوەندی بە هۆشیاری خەڵکەوە هەیە کوشتن کەمترە لە ساڵانی ڕابردوو