حکومەتی عێراق لە نێوان بێباکی گروپە چەکدارەکان و هۆشدارییەکانی ئیسرائیلدا

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-26 16:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گیدۆن سەئار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا نیگەرانی قوڵی وڵاتەکەی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی گروپە چەکدارەکانی عێراق دەیکەنە سەر وڵاتەکەی لە خاکی عێراقەوە، وە دەڵێت ئەمە پێشێلکردنێکی ڕوون و ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتییە، بۆیە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە ڕێگری لەو هێرشانە بکات. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و دڵنیا بێت لەوەی حکومەتی عێراق پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت. لە لایەکی دیکەوە بەپێی میدیا عێراقییەکان، ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەربێت و نەتوانێت هێرشی ئەو گروپانە ڕابگرێت ئەوا خۆی بەو کارە هەڵدەستێت. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لای خۆیەوە ڕایگەیاند وڵاتەکەی نامەی "هەڕەشەئامێزی" لەلایەن ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە. هاوکات عێراق داوای لە کۆمکاری عەرەب کرد هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر وەک خۆی دەڵێت هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە دژی وڵاتەکەی. دەپرسین: بۆچی حکومەتی عێراق هێرشی ئەو گروپانە ڕاناگرێت و وڵاتەکەی لە پڕیشکی ئەو شەڕە لابدات؟ چ هۆکارێک وەهای کردووە ئیسرائیل هەتا ئێستا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە عێراقەوە دەکرێنەسەری کاردانەوەی نەبێت؟ ئەگەربێت و ئیسرائیل بە هاوشێوەی کاردانەوەی بەرامبەر حەماس و حزبوڵڵا هێرش بکاتە سەر گروپە چەکدارەکانی عێراق و سەرکردەکانیان بکاتە ئامانج، چی لە دۆخی سیاسی ناو عێراق دێت؟ ئەمەریکا چۆن دەتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندنی دۆخەکە بکات؟ کۆمکاری عەرەبی دەتوانێت چی بۆ عێراق بکات؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: جەبار یاوەر، شارەزای کاروباری سەربازی. کاوە محەمەد، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی. جەبار یاوەر: عێراق هەوڵدەدات خۆی دووربخاتەوە و تێوەنەگلێت لەو شەڕەی کە هەیە، بەپێی بەدواداچونەکانی خۆم بۆ هەواڵەکان، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دوای نامە هەڕەشە ئامێزەکەی ئیسڕائیل هەست بەجۆرێک لە کپبونی ئەو گروپە چەکدارانەی عێراق دەکرێت کە ڕۆژانە هێرشیان دەکردە سەر ئامانجە ئیسڕائیلییەکان.بۆیە عێراق دەیەوێت لە ڕەگای دیپلۆماسیەوە هەڕەشەکان لەخۆی دووربخاتەوە. بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، فشاری ئەمەریکا هەتائێستا ڕێگربووە لەوەی ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر عێراق، چونکە دەبینین لە دوای شەڕی غەززە لە هەر وڵاتێکەوە هێرش کرابێتە سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە، وەک لوبنان و یەمەن و سوریا، بەڵام فشاری ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل ڕێگربووە هێرش بکاتە سەر عێراق، یەکەم، ئەمەریکا نایەوێت جەنگەکە لەوە زیاتر فراوان ببێت، دووەم، بوونی بەرژەوەندی زۆری ئەمەریکا لە عێراق. عێراق ناتوانێت بەرپەرچی هیچ هێرشێکی ئیسڕائیل بداتەوە، نەدەتوانێت ئاسمانی عێراق بپارێزێت لە هاتنی هەر فڕۆکەیەکی ئیسڕائیل نەدەشتوانێت هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل وەک وەڵامدانەوە لە حاڵەتی هێرشی ئیسڕائیل. کاوە محەمەد: کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی هێزەکانی عێراق و دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیل کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەم گروپانە هێندە گوێ لە ئێران دەگرن گوێ بە عێراق و بەرژەوەندییەکانیان نادەن، ئێرانیش ئەم گروپانە وەک سیاسەتی کێشە لەو دیو سنوری وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت نەک بۆ بابەتی غەززە و لوبنان و عێراق، من بۆ خۆم پێموایە ئەوەی کە وادەکەن کە ئەم دۆخە هێور ببێتەوە یا بەرەو گرژی زیاتر بچێت پەیوەندی هەیە بە گفتوگۆکانی پشت پەردەی نێوان ئێران و ئەمەریکا، تەنانەت هەندێکجار ئەم گفتوگۆیانەش بەڕاستەوخۆ دەکرێن، ئێران هەمیشە ئەم گروپانە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت کە بڵێت ئێران دەتوانێت لە ڕێگای ئەم گروپانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، بۆیە ئەگەر عێراق بە بەرنامەیەکی نیشتمانی کارنەکات دوور لەبەرچاوگرتنی ئەمنی قەومی ئەم وڵات و ئەو وڵات ئەوا کاری ئەو گروپانە زیانی زۆری دەبێت بۆ سەر عێراق. ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر عێراق ئەوا هاوشێوەی ئەوەی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵای کردە ئامانج سەرکردەی ئەو گروپە سەرەڕۆیانەی عێراق دەکاتە ئامانج یا لە هەندێک شوێنی چەک و کەرەستەی ئەو گروپانە دەدات واتە هێرشەکەی ئیسڕائیل لە عێراق سنوردار دەبێت و نابێتە هۆی ئەوەی دۆخی عێراق هاوشێوەی لوبنان و وڵاتانی تری لێبێت،هیچ کەسیش لەسەر ئەو گروپانە نایەتە جواب، ئێرانیش وەک کارت مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپانە دەکات، چونکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئێراندا نییە دۆخی عێراق تێکبچێت و هیچ کام لەو دوو وڵاتەش نایانەوێت دۆخی عێراق تێکبچێت، تەنانەت بەشێک لەسەرکردەی لایەنە شیعەکانیش ڕەنگە بچوککردنەوەی ئەو گروپە سەرەڕۆیانەیان پێخۆش بێت وەک دەوترێت بەدەستی ئەوان نەبێت بەڵام بە دڵی ئەوان بێت، هەتا خودی محەمەد شیاع سودانیش کە پیاوی دەوڵەتە ئەم گروپانە بونەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر عێراق و بیانودانە دەست ئیسڕائیل بۆ ئەوەی عێراقیش بخاتە چوارچێوەی شەڕەکەوە.