سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کاتێک لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی 2025 دا سوێندی یاسایی دەخوات و جارێکی دیکە دەبێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، چیتر تۆمەتە فیدڕاڵییەکانی لەسەر نامێنێت. ڕۆژی دووشەممە دادوەری ئەمەریکایی تانیا چوتکان لە واشنتن بە خێرایی ئەو تۆمەتەی لەسەر ترامپ لابرد کە گوایە هەوڵیداوە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا پێچەوانە بکاتەوە. ئەم کارەی دادوەرەکە دوای ئەوەی هات لێکۆڵەری تایبەتی ئەمەریکایی جاک سمیث لە دادگادا دانی بەوەدانا کە سیاسەتە درێژخایەنەکەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕێگری دەکات لە لێپێچینەوە لە سەرۆک لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا. سمیپ لە دانیشتنێکی دیکەی دادگادا داوای لە دادگایەکی تانەدان کرد لە ئەتڵانتا ترامپ لاببەن لە پێداچوونەوەیەکی دادگاکەدا. لێکۆڵەرەکە سەرەتا داوای پێداچوونەوەیەکی کردبوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی ترامپ کرابوون و هەڵوەشێندرابوونەوە، تۆمەتەکانیش بریتی بوون لەوەی کە گوایە ترامپ دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دا کۆشکی سپی بە جێهێشتووە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی لە موڵکەکەی لە فلۆریدا هێشتووەتەوە. لێکۆڵەرەکە وتی هێشتا سوورە لەسەر ئەو دوو تۆمەتە دژی ترامپ، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە داوای کردووە تۆمەتەکان دەبێت لاببرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ترامپ دەبێتەوە بە سەرۆک و سەرۆکەکانیش لە ماوەی سەرۆکایەتییاندا بەپێی یاساکان نابێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ترامپ وتی " ئەم دۆسییانە، هاوشێوەی هەموو ئەو دۆسییانەی دیکە کە ناچار کرام پێیاندا تێپەڕ ببم، بەتاڵ و نایاسایین، هەرگیز نەدەبووایە ئەو دۆسییانە بخرێنە پاڵم." وتی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری باجدەرانی ئەمەریکایی " لە شەڕەکەی پارتی دیموکراتەکاندا دژی ڕکابەرە سیاسییەکەیان کە منم بە فێڕۆچووە. ئەوە سیاسی بوو، ئاستێکی نزم بوو لە مێژووی وڵاتەکەماندا کە شتێکی لەو شێوەیە ڕوویدا، بەڵام هێشتا من بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانەوە سەرکەوتم." لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا، ترامپ بەڵێنیدا کە ئەگەر بۆ دووەمین جار وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا " لە ماوە چەند خولەکێکی کەمی سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا " سمیث لە کارەکەی دووردەخاتەوە. بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەمەریکا دەڵێن سمیث پلانی هەیە پێش ئەوەی ترامپ ببێتە سەرۆک دەستبەرداری کارەکەی بێت لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا. لە دۆسییەکەی واشنتندا، ترامپی کۆماری بەوە تۆمەتبار کراوە کە گوایە فشاری خستووەتە سەر بەرپرسانی ویلایەتەکان تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 بگۆڕن، کە تێیدا جۆو بایدنی دیموکرات سەرکەوتوو بوو، هەروەها تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە ڕاستی نەووتووە کاتێک ئاماژەی بەوە داوە کە هۆکاری سەرکەوتنی بایدن ساختەکاری بووە لە دەنگەکان و ناڕێکییەکان بووە لە هەڵبژاردنەکاندا. سمیثی لێکۆڵەر داوای لە دادوەر چوکتان کرد دۆسییەکە هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام " بەبێ لادان "، ئەوەش وادەکات بتوانرێت دۆسییەکە جارێکی دیکە بکرێتەوە دوای ئەوەی ترامپ لە مانگی یەکی ساڵی 2029 دا سەرۆکایەتییەکەی تەواو دەبێت. لە ئەتلەنتا، سمیث داوای لە دادگای تانەدانی فیدڕاڵ کرد کە ترامپ وەک هاوتاوانبارێک لە تانەیەکی لێکۆڵەری تایبەت لە بڕیارێکی دادوەری ناوچەی ئەمەریکا ئایلین کاننن لاببات. کانن، کە لەلایەن ترامپەوە دەستنیشانکراوە، دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ڕەتکردبووەوە بە پاساوی ئەوەی کە سمیث بە شێوەیەکی نایاسایی وەک لێکۆڵەری تایبەت دەستنیشان کراوە. ترامپ لە دۆسییەیەکدا کە لەلایەن کاننەوە سەرپەشتی دەکرا تۆمەتبار کرابوو بە تۆمەتی قۆرخکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مار ئال لاگۆی فلۆریدا. ترامپ و هاوتاوانبار کارلۆس دی ئۆلیڤیێرا و واڵتین ناوتا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەربەست دانان لەبەردەم هەوڵەکانی حکومەتدا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەڵگەنامانە تۆمەتبار کرابوون، کە بەپێی یاسا دەبووایە ئەو بەڵگەنامانە ڕادەستی ئەرشیفی نیشتیمانی بکرانایەوە دوای ئەوەی ترامپ لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا کۆشکی سپی جێهێشت. سمیث داوای لە دادگای تانەدان کرد ترامپ لاببات لە دۆسییەکەدا، بەڵام دوو تاوانبارەکەی دیکە بهێڵێتەوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا