بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیادا قسە دەکات لە هەوڵێکدا بۆ دەستکەوتنی مۆڵەتێک لە ئەمەریکاوە تاوەکو سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕووسیا کارنەکاتە سەر وڵاتەکە و بتوانێت بەردەوام بێت لە پێدانی پارە بە بانکی گازپڕۆم لەسەر هاوردەکردنی گازی سروشتی ڕووسیا. هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا سزای نوێی سەپاند بەسەر بانکی گازپرۆمی ڕووسیادا لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کارەکانی زیاتر کردووە بۆ سزادانی مۆسکۆ لەسەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا، پێش ئەوەی لە مانگی یەکدا کۆشکی سپی جێبهێڵێت. تورکیا نزیکەی سەرجەم پێویستییەکانی گازی هاوردە دەکات، ڕووسیا دابینکارێکی سەرەکی گازە بۆ تورکیا، بە جۆرێک زیاتر لە سەدا 50 ی گازەکەی تورکیا دابین دەکات. وەزیری وزەی تورکیا ئەلپارسلان بەیرەکتار ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر ئەمەریکا ئەو مۆڵەتەی داوە بە تورکیا کاتێک سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، وتی تورکیا پێویستی بە شتێکی هاوشێوەی ئەوەیە بۆ بانکی گازپڕۆم تاوەکو بتوانێت بەردەوام گاز لە ڕووسیاوە هاوردە بکات. بەیرەکتار وتی " ئەم سزایانە کاردەکەنە سەر تورکیا. ناتوانین پارە بدەین، ئەگەر نەتوانین پارە بدەین ئەوا ناتوانین شتومەکەکە بکڕین. وەزارەتی دەرەوە لە گفتوگۆدایە." لە هەواڵێکی جیادا بەرپرسێکی تورکیا وتی نوێنەرانی تورکیا و ڕووسیا لە وەزارەتەکانی دەرەوە و بازرگانی و دارایی و هەروەها بەرپرسانی بانکەکانیش ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکەی ئەمەریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکەی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە بواری وزەدا. بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " لەگەڵ شاندەکەی ڕووسیادا تاوتوێی ئەوەمان کرد دەکرێت چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین تورکیا ببێتە ئامانجی سزاکان لە ماوەی ئەم پڕۆسەیەدا و کاریگەرییەکانیشی چی دەبن." وتیشی تورکیا پێش ئەوەی سزاکانی سەر بانکی گازپڕۆم ڕابگەیەندرێن لەگەڵ هاوتا ئەمەریکاییەکانیدا دەستیکردووە بە قسەکردن، چونکە واشنتن سەرەتا سزاکان ڕادەگەیەنێت و دواتر ئەوەی بیەوێت لەو سزایانە دەریدەکات. وتی " ئەوان لەسەر ئەم پرسە کاردەکەن." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز