وەزیری گواستنەوەی لوبنان عەلی حەمیە ڕایگەیاند ئیسرائیل درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە بۆ یەکەم جار هێرشی کردووەتە سەر سێ دەروازەی سنووری باکوری سوریا. ئەم هێرشانە پێش جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە ڕوویاندا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند ئاگربەست لە کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە جێبەجێ دەکرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل. لەشکری ئیسرائیل دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوەندێکی گواستنەوەی نێوان سوریا و لوبنان کە بۆ ناردنی کەلوپەلی جەنگی بۆ حزبوڵڵا بەکاردەهێنرێن. حەمیە دەڵێت هەتا ئێستا ڕوون نییە دەروازە سنوورییەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشانە پچڕاون یان نا. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەروازەکانی ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەی بۆ سوریای داخستبوو. ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا چوار هاووڵاتی سڤیل و دوو سەرباز کوژراون و 12 کەسیش برینداربوون کە لەنێویاندا منداڵ و ژن و کارمەندانی مانگی سوری سوریا هەن. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان، پاش هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکوری ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئیسرائیل چەندین جار هۆشداری دا لە ئاکامی بەردەوامبوونی ئەو هێرشانەی حزبوڵڵا بۆ سەر وڵاتەکەی." سەرچاوە: ڕۆیتەرز