ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی وەریشە مورادی هەڵبوەشێندرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-27 18:06:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنە لە سزای لەسێدارەدانی وەریشە مورادی چالاکوانی سیاسی کورد دەگرێت و داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سەر ناوبراو دەکات. ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە، 26ی مانگی یازدە بڵاویکردووەتەوە، دادگاییکردنی وەریشە مورادی بە "نادادپەروەرانە" ناو دەبات و بە ئاماژەدان بە پێشێلکردنی مافەکانی ئەو چالاکوانە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، داوا لە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران دەکات دەستبەجێ سزای لە سێدارەدانەکەی هەڵبوەشێننەوە و دەستبەجێ ئازادی بکەن. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەکەیدا هەروەها داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات بێلایەنانە بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو چالاکە سیاسییە بکات و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکات و هەروەها دەستڕاگەیشتنی ئەو زیندانییە بە خزمەتگوزاری پزیشکی گونجاو و بینینی خێزانەکەی و پارێزەرەکانی دەستەبەر بکات. پێشتریش لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران لە 13ی ئەم مانگەدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی دەربڕیبوو و داوای ڕاگرتنی سزای سەر ئەو چالاکوانە کردبوو. وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای 13 ڕۆژ دەستبەسەری لە شاری سنە، بۆ بەندی 209ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە و خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بۆ دانپێدانان و پاش 5 مانگ ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی زیندانەکە گوازرایەوە و ئیستا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. وەریشە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی ئێڤین لە نامەیەکی کراوەدا لە زیندانەوە ئاشکرای کرد کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و هەڕەشەی لە سێدارەدان و توندوتیژیی جێندەری بووەتەوە.