ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی مانگی یانزەی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەرەکانیش بریتیبوون لە دەرئەنجامی سەرژمێری گشتی و موچە و چەند بابەتێکی دیکە. لەدوای کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانی خۆیی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنوری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای کرد حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاستبکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتە شوێنی ڕاستی خۆیان کە هەرێمی کوردستانە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و12ی ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەخت لەوە کراتەوە، " حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵییش جەخت لەوە کراوەتەوە و پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە." گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی موچە دوای ئەوە دێت، دوێنی سێ شەممە 26ی مانگی یانزەی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ مانگەکانی 10 و11 و 12، بۆ هەر مانگێک بڕی 760 ملیار دینار وەکو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هەر مانگێک بڕی 236 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی تەواوی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابەش بکات. ڕۆژی 17ی مانگی دەی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی موچەی مانگی نۆی ڕاگەیاند و لەماوەی شەش ڕۆژدا موچەخۆرانی هەرێم موچەکانیان وەرگرت، ئەوە دە ڕۆژ بەسەر وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی دە تێپەڕیوە، هێشتا ڕوون نیە کەی پارە لە بەغداوە دەگات و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت، چونکە لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا هیچ ئاماژەیەک بەو کورتهێنانە نەکراوە کە حکومەتی عێراقی نیازی هەیە تەنها 760 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم. دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دەتوانین بلێن لە ڕووی یاساییەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی نیە، بەڵام لە ڕووی ئیداری و هونەریەوە گرفتی بۆ دروستکراوە، ناشتوانین هیچ بڵێن لەسەر داهاتووی موچەی هەرێم، چونکە دوای ئەم سێ مانگەی کۆتاییە چارەنوسی دەکەوێتە سەر پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو حکومەت کە بە کوێ دەگات." وتیشی،"دەتوانم بڵێم هۆکارە سەرەکیە لە دواکەوتن و نەهاتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە کاتێکدا ئێمە دوو پاڵپشتی بە هێزمان هەیە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان." ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد. دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا دەڵێت،" دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت." بۆیە تا ئێستا پرۆسەی هەژماری من بەردەوامە و هیچ هەنگاوێک نەناراوە بۆ تەوتین کە حکومەتی فیدراڵ داوای دەکات و خاڵێکی گرفتەکانە. دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، باسی لەوەشکرد بە شێوەیەکی گشتی خەتای هەرێمی کوردستان لە بەربەست دروستکردن بۆ بەردەوامی موچە، دەشڵێت،" کێشەکە لەوەدایە هەرێم ئامادەنەبوو لە پرۆسەی تەوتینکردنی موچە، هەروەها لیستی زانیاری موچەخۆرانی وەک پێویست نانێردرێت و خاڵی سێەمیش هەڵە و کەم و کوڕیەکانە کە لە لیستی موچەخۆراندا هەیە."