سێ ئەمەریکایی لەلایەن چینەوە ئازاد دەکرێن

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-27 21:30:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، سێ ئەمەریکایی کە ساڵانێکە لە چین دەستبەسەرکراون، ئازادکراون و دەگەڕێنەوە ئەمەریکا. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە ئازادکردنی مارک سوێدن، کای لی و جۆن لیونگ لە دەستبەسەرکردنی زیندانی کۆماری گەلی چین، ڕادەگەیەنین." ئەمەش بە  سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی بۆ سەرۆک جۆو بایدن دادەنرێت کە لە مانگی یەکدا خولی سەرۆکایەتییەکەی تەواو دەبێت. گوتەبێژەکە ڕایشیگەیاند، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو پیاوانە، "هەموو ئەو ئەمەریکاییانەی کە بە هەڵە دەستگیرکراون" لە چین گەڕێندراونەتەوە. ئەو سێ کەسە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بەوە دانرابوون کە بە هەڵە دەستبەسەرکرابوون. سوێدن بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو لە کاتێکدا لی و لیونگ بە تۆمەتی سیخوڕی زیندانی کرابوون. وتەبێژەکەی ئەنجەمەنی ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت ئەو کەسانەی ئازادکراون "بەم زووانە دەگەڕێنەوە و دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە". بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، بایدن و یاریدەدەرەکانی چەندین جار پرسی ئەو سێ ئەمەریکایانەیان لەگەڵ پەکین وروژاندووە. لە دوایین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی خۆیدا لە پەراوێزی لوتکەی ساڵانەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لە پیرۆ لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بایدن قسەی لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چینیش کرد بۆ فشارخستنە سەر گەڕانەوەیان. لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا بایدن زیاتر لە 70 ئەمەریکایی گەڕاندووەتەوە  کە بە ناڕەوا لە سەرانسەری جیهاندا دەستبەسەرکرابوون. گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە 40 کەسی دیکە هێشتا لە زیاتر لە دەیان وڵاتدا بە بارمتە گیراون یان بە شێوەیەکی ناڕەوا دەستبەسەر کراون. سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا