هێرشی بەرفراوانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا؛ کارەبای یەک ملیۆن کەس دەپچڕێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-28 18:15:40 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند ڕووسیا جارێکی دیکە لە هێرشێکی بەرفراواندا ژێرخانی وزەی ئۆکرانیای کردۆتە ئامانج. ئەم هێرشانە کە ڕۆژی پێنجشەممە،28ی ئەم مانگە بە بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراون، کارەبای زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵکی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی ئۆکرانیا پچڕاندووە. بە پێی هەواڵەکان، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، دەنگی تەقینەوە لە کیێڤی پایتەخت بیستراوە و مووشەکەکانی ڕووسیا بەرەو خارکیڤ، ئۆدێسا و هەشت ناوچەی دیکە ئاراستە کراون. هێرمان گالوشچێنکۆ، وەزیری وزەی ئۆکرانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاندووە "کەرتی وزەی وڵاتەکەمان جارێکی دیکە لەلایەن دوژمنەوە بە قەبارەیەکی بەرفراوان هێرش کراوەتە سەر و هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە سەرانسەری ئۆکرانیا بەردەوامن". دوابەدوای ئەم هێرشە بەربڵاوانە، کۆمپانیای نیشتمانی تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا ناچار بوو بە خێرایی کارەبای فریاگوزاری لە ناوچەکانی کیێڤ، ئۆدێسا، دنیپرۆ و دۆنێتسک بخاتە کارەوە. پچرانی کارەبا لە کاتێکدایە کە پلەی گەرمی هەوا لە سەرانسەری ئۆکرانیا بۆ نزیکەی سفر پلەی سەدی دابەزیوە. سەرەتای ئەم مانگە، ڕۆز ماری دیکارلۆ، بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە مۆسکۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دەتوانێت ئەم زستانە بکاتە "قورسترین زستان لەوەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە. هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی پێنجشەممە بانگەشەی ئەوەی کرد کە شەوی ڕابردوو 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە چوار ناوچە لەناوبردووە، لەنێویاندا کریمیا کە ڕووسیا لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەرداگرتووە. دوایین خولی هێرشە مووشەکییە قورسەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، جەنەڕاڵی خانەنشینکراو، کیس کڵۆگی لایەنگری وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ پرسی ئۆکرانیا دەستنیشان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و یارمەتیدانی ئۆکرانیا.   سەرچاوە/رۆیتەرز